پاشماوەی گیاندارێکی 240 ملیۆن ساڵ لە تەنزانیا دۆزرایەوە

شوێنەوارناسان جۆرێکی نوێیان لە ئاژەڵێکی ڕووەکخۆر دەستنیشان کرد، کە نزیکەی 240 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە تەنزانیا ژیاوە. ئەم دۆزینەوەیە دەتوانێت تێڕوانینی زانایان سەبارەت بە مێژووی پەرەسەندنی دایناسۆرەکان بگۆڕێت.

ئەم ئاژەڵە ڕووەکخۆرە ناو نراوە دینۆدۆنتۆسۆرۆس ئیزییاڤاماندا، سەر بە گرووپێک لە ئاژەڵ بووە کە دەنووک و ددانیان هەبووە و بەر لە دەرکەوتنی دایناسۆرەکان بە شێوەیەکی زۆر لەسەر زەوی ژیاون و پەیوەندییەکی دووری پەرەسەندنیان بە شیرەدەرەکانەوە هەبووە.

توێژەران لە زانکۆی بریستڵ لە ئینگلتەرا کە سەرپەرشتی ئەم دۆزینەوەیان کردووە دەڵێن گیاندارەکە هاوشێوەی بەرازێکی زەبەلاح بووە کە خاوەن دەنوکێکی هاوشێوەی دەنوکی کیسەڵ بووە و ددانەکانی هاوشێوەی گیانداری مۆری دەریایی درێژبووە.

بەشێک لە پاشماوەی ئەم ئاژەڵە لە ساڵی 1963 لە چینە بەردەکانی ماندا لە تەنزانیا کۆکراونەتەوە، بەڵام تا ساڵانی دواتر بە تەواوی نەخراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە. نموونەیەکی تری پاشماوەی لەم جۆرە لە ساڵی 2012 دۆزراوەتەوە. توێژەران بە بەکارهێنانی پشکنینی وردی مۆخی ئێسکەکان و شێوەی سێ ڕەهەندی شیکردنەوەیان بۆ پاشماوەکان کردووە.

گرنگی ئەنجامی توێژینەوەکە تەنها ئەوە نیە کە جۆرێکی نوێی ئاژەڵ بناسین، بەڵکو دەتوانێت تەمەنی چینە بەردەکانی ناوچەکەش بخاتە ژێر پرسیارەوە. پێشتر هەمان جۆری ئاژەڵ لە بەشێک لە ئەمەریکای باشوور، لە چینە بەردەکاندا کە تەمەنیان بە باشی دیاریکراوە، دۆزرابووەوە.

بوونی هەمان ئاژەڵ لە تەنزانیا وای کردووە توێژەران پێشنیار بکەن بەوەی شیانی هەیە بەشێکی ناوەڕاست و سەرەوەی چینە بەردەکانی ناوچەی لیفوا لە تەنزانیا نوێتربن لەوەی پێشتر گومان دەکرا.

ئەگەر ئەم هەڵسەنگاندنە لە توێژینەوەکانی داهاتوودا پشتڕاست بکرێتەوە، تێگەیشتنمان سەبارەت بە سەرەتای مێژووی دایناسۆرەکان پێویستی بە پێداچوونەوە دەبێت. بەڵام ئەم دۆزینەوەیە بە تەنیا ناتوانێت بیسەلمێنێت کە دایناسۆرەکان کۆنترن لەوەی پێشتر گومان دەکرا.

ئەم دۆزینەوەیە هەروەها گرنگییەکی تر هەیە: هەموو بەڵگە زانستییەکان تەنها لە کێڵگە و شوێنەوارە نوێکانەوە نایەن. گەڕانەوە بۆ پاشماوە کۆکراوەکان لە مۆزەخانەکان، کە هەندێکیان بۆ چەندین دەیە هەڵگیراون، دەتوانێت زانیارییە نوێکان لەسەر ژیانی کۆنی زەوی ئاشکرا بکات.