زانایان پەرە بە جۆرێکی مشک دەدەن کە بەشێک لە مێشکی مرۆڤی بۆ چێنراوە

ئەم وێنەیە کە لەلایەن زانکۆی ستانفۆردەوە بڵاو کراوەتەوە بریتییە لە سکانی مێشکی یەکێک لە مشکەکان کە خانەی دروستکراوی مێشکی مرۆڤی تێدا دانراوە. لە وێنەکەدا دەردەکەوێت خانە دانراوەکان لەگەڵ تەواوی مێشکی مشکەکەدا گرێدراون.

لە دەستکەوتێکی نوێی زانستیدا، توێژەرانی ئەمەریکا بە سەرکەوتویی توانییان پەرە بە جۆرێک لە مشک بدەن کە بەشێک لە مێشکەکەی پێکهاتووە لە خانەی کارای مێشکی دروستکراوی مرۆڤ.

زانایانی دەمارناسی لە ئەمەریکا دەڵێن سەرکەوتنی ئەم توێژینەوەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەوڵەکانی چارەسەری چەندین پرسی دەروونی و نەخۆشییەکانی مێشکی مرۆڤ، وەک شیزۆفرینیا و گەشکەگرتن و ئیفلیجی مێشک و نەخۆشی لەبیرچوونەوە.

ئەو مشکانە لە تاقیگەکانی زانکۆی ستانفۆرد لە کالیفۆرنیا لە ڕووی جیناتەوە دەستکاری کراون، بەشێوەیەک بەشێکی سەرەکی مێشکیان وەک هیپۆکامپەس و کۆرتێکسیان نەبێت. زانایانی ئەمەریکا دواتر خانەی مێشکی مرۆڤیان لە تاقیگە بەرهەم هێناوە و خستویانەتە ناو مێشکی مشکەکان، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بەشە چۆڵانەی مێشکی مشکەکان.

لە ئەنجامدا توێژەران سەرکەوتوو بوونە لە چالاککردنی ئەو خانانەی مێشکی مرۆڤ لە مشکدا.

زانایان باسیان لەوە کردووە کە کارەکەیان لەژێر چاودێریی ئێتیکی سەربەخۆدا ئەنجامداوە و ئەنجامەکان لە گۆڤاری نەیچەر بڵاو کردووەتەوە.

ئامانج لەم پرۆسە ئاڵۆزە ئەوەیە کە باشتر لەو نەخۆشیانەی مێشک تێبگەین کە لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکیان نییە.

زانایان دەڵێن هەندێک لەو ناجۆری و ناڕێکییانە لە مشکدا توژێنەوەیان لەسەر ناکرێت، بەهۆی ئەوەی مشک دووچاری ئەو ناجۆری و ناڕێکییانە نابن کە مرۆڤ توشیان دەبێت.

سێرجیۆ پاسکا، مامۆستا لە زانکۆی ستانفۆرد و سەرۆکی توێژینەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا روونی کردەوە، "بواری نەخۆشییەکانی مێشک یەکێكە لەوانەی کە نزمترین ئاستی سەرکەوتنیان هەیە لەکاتی تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا. تەنانەت ئەو دەرمانانەش کە دەگەنە قۆناغی تاقیکردنەوەی کلینکی شکست دەخۆن. ئەمەش پێماندەڵێت کە ئێمە هەندێک زانیاریمان لەبارەی بایۆلۆجیای مرۆڤ لا وونە."

توێژەرانی ستانفۆرد دەڵێن کە بۆ هەندێک دۆخی ئاڵۆزی وەک فێ و ئۆتیزم و ئیفلیجیی مێشک، دەکرێت ئەمە "یارییەکە بگۆڕێت."

مێشکی مرۆڤ لە ملیارەها خانە پێکدێت کە بە ملیۆنان سوڕی کارەبایی لێکدراون، ئەمەش وادەکات تێگەیشتن لە گەشەی مێشک و کارکردنی لەسەر ئاستی خانەیی کاتێک شتێک تێکدەچێت، زۆر ئەستەم بێت.

هەرچەندە ئەمە یەکەم هەنگاو نییە کە خانەی دەماریی مرۆڤ لە مێشکی مشکدا بچێنرێت، بەڵام ئەم توێژەرانە ئەو کارەیان بردە ئاستێکی پشکەوتووتر، بەو پێیەی لەڕووی جینییەوە مشکەکانیان گۆڕی بە شێوەیەک هیچ بەشێکی توێکڵی مێشكی دروستنەکەن کە دەکاتە توێی دەرەوەی مێشک و ئاستە باڵاکانی بیکردنەوە و یادەوەری و هەستەکان بەڕێوە دەبات. هەروەها توێژەران خانەی پێستی مرۆڤیان وەرگرتووە و بەرنامەی بۆماوەییان گۆڕیوە تاوەکو ببن بە شانەی هاوشێوەی مێشک.

دوای شەش مانگ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە لەسەر مشکەکان، زانایان هەندێک تاقیکردنەوەی رەفتاریی سادەیان لەسەر مشەکەکان ئەنجامدا. سێرجیۆ پاسکا سەبارەت بە ئەنجامی توێژینەوەکە ڕایگەیاند، "بەگشتی وەک مشکی ئاسایی رەفتاریان کرد. هیچ ڕەفتارێکی نامۆیان ئەنجام نەدا."