سعودیە دەڵێت حوسییەکان مەککەی پیرۆزیان کردووەتە ئامانج

حکومەتی سعودیە حوسییەکانی یەمەنی تۆمەتبار کرد بە هەوڵی هێرشکردنە سەر پیرۆزترین پێگەی مسوڵمانان، بەڵام حوسییەکان ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.

تورکی مالیکی، وتەبێژی سەربازیی سعودیە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ئێوارەی سێشەممە درۆنێکی حوسییەکانیان لە باشوری مەککە لەناو بردووە.

وتەبێژەکە جەختی کردەوە لەوەی ئاسایشی شاری مەککە و سەردانکەرانی "هێڵی سورە" بۆ حکومەتی سعودیە، وە هێزەکانی دوودڵ نابن لە گرتنەبەری "هەموو ڕێکارێکی پێویستی بەرگری" دژ بە حوسییەکان.

بەڵام حوسییەکان دەستبەجێ ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردەوە و ڕایانگەیاند هێرشەکانیان تەنها ژێرخانی نەوت و بنکە سەربازییەکانی حکومەتی سعودیە دەکەنە ئامانج.

ئەمە لە کاتێکدایە پێکدادانە ئاسمانییەکان لە نێوان ئەو گرووپەی سەر بە ئێران و حکومەتی سعودیە بۆ ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام بوون. لە لایەکی ترەوە، لە چەندین پارێزگای یەمەن شەڕ لە نێوان حوسییەکان و حکومەتی ئەو وڵاتە بەردەوامە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سعودیە هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کە بەهۆی مەترسی تیرۆرەوە گەشت بۆ یەمەن نەکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری بە هاووڵاتیانی دەدات کە نابێت "بە هەر هۆکارێک" گەشت بۆ یەمەن بکەن بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، نائارامی، تاوان، مەترسییە تەندروستییەکان، ڕفاندن و تەقینەوەی مین.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت لە سەرەتای ئەم مانگەوە نزیکەی 125 هەزار کەس بەهۆی ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە دەربەدەر بوون.