ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە یادی مەرگی ژینا ئەمینی داوای سزای نێودەوڵەتی بۆ تاوانباران دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە ڕاپۆرتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە ناوی 87 بەرپرسی ئێرانیی هێناوە کە تۆمەتبارن بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لە پرۆسەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی 2022.

ڕێکخراوەکە دەڵێت دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هێزی کوشندەیان بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکار هێناوە.

دەشڵێت هێزەکانی ئێران بە شێوەیەکی فراوان پێکهاتەی کورد و بەلوچیان کردووەتە ئامانج و لە کاتی خۆپیشاندانەکان تاوانی دژی مرۆڤایەتییان بەرامبەریان ئانجام داوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەڵگە تۆمارکراوەکان کوشتنی 49 منداڵ، 45 کەیسی توندوتیژی سێکسی لە زیندان، ئەشکەنجەدان و چەندبارە بەکارهێنانی هێزی کوشندە لە دژی خۆپیشاندەران لە خۆدەگرن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەستەڵاتدارانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو جڤاکی کوردی و بەلوچیان کردووەتە ئامانج و ئەو دوو پێکهاتەیە 62%ـی هەموو قوربانییەکان پێکدەهێنن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت پێویستە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکارەکانی بەرقەرارکردنی دادوەریی تاوانکاریی نێودەوڵەتی بچەسپێنێت بۆ بەرپرسیارکردنی دەستەڵاتدارانی ئێران لە بەرامبەر ئەو تاوانانە.

ڕاپۆرتەکە پێکهاتووە لە هەزار لاپەڕە، لە ژێر ناونیشانی "ئەندازیارانی تاوانی قێزەون: دامەزراوەکانی دەوڵەت لە ئێران تاوان لە دژی مرۆڤایەتی سازدەکەن لە دژی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی ساڵی 2022."

ڕاپۆرتەکە باس لە وردەکارییەکانی تاوانەکان دەکات لەلایەن دەستەڵاتدارانی ئێرانەوە کە بریتین لە کوشتن، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردن، زیندانیکردن و لاقەکردن لەسەر بنەمای سیاسی و جێندەری و ئیتنی-ئاینیی.

لیستە 87 کەسییەکە 62 فەرماندەی هێزی ئاسایشی لەخۆدەگرێت، لە نێویاندا 33 فەرماندەی سوپای پاسداران و 27 فەرماندەی فەرماندەیی پۆلیسی ئێران و 25 بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆ کە پارێزگاریشیان لەنێودایە. هەروەها لە نێویاندا 10 کەس هەن کە لەسەر ئاستی وڵات بەرپرسن و 77 کەس لەسەر ئاستی خۆجێی و پارێزگا و شارەکان کە 17 شار و شارۆچکە لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازربایجانی رۆژئاوا لەخۆدەگرن.