دوای چوار ساڵ، ژینا ئەمینی هێشتا هێمای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادییە"

ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت، ئەو کچە کوردەی خەڵکی سەقز کە مردنە گوماناوییەکەی لە دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکار و ڕەوشتی ئێرانەوە لە تاران، بووە هۆی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرتاسەری ئێران.

چوار ساڵ دوای مەرگی ژینا، کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ڕووداوە هێشتا بەردەوامن. هەواڵەکانی ناوخۆی ئێران باس لە مانگرتن و داخستنی دوکان و بازاڕ لە هەندێ شاری کوردنشینی ئێران و زیادبوونی هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

لەو یادەدا، هاوپەیمانی شەش حزبی ڕۆژهەڵات و چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای مانگرتنی گشتییان لە هاوڵاتیان کرد.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە شارەکانی ڕۆژهەڵات هێزە ئەمنییەکانی ئێران و ئیدارەی ئەماکن گوشاریان خستووەتە سەر دوکانداران و کاسبکاران دژی ئەم هەوڵەی مانگرتن. ڕێکخراوەکە دەڵێت ژمارەیەک لە کاسبکاران ڕووبەڕووی هەڕەشەی داخستنی شوێنی کار، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کار و سزای ماددی بوونەتەوە.

بەڵام سەرەڕای فشارەکان، سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوخۆ ئاماژە دەکەن بە مانگرتن لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا و هەروەها ژمارەیەک لە شارەکانی پارێزگای کرماشان بەدیکراوی.

ڕێکخراوی هانا بەشداری مانگرتنی لە شارەکانی سنە، سەقز،دیواندەرە، کامێران، قوروە، بیجاڕ، کرماشان، کەرەند، مەهاباد، بۆکان، میاندواو، مەریوان، بانە، شنۆ، پیرانشار، ڕوانسەر و پاوە پشتڕاست کردۆتەوە.

ژینا ئەمینی کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە 13ـی نۆی 2022 لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و سێ ڕۆژ دواتر، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی جەڵدەی دڵ بووە، بەڵام خێزانەکەی ئەوەیان ڕەت کردەوە و گومان دەکرێت لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان کوژرابێت.

مردنی ئەو کچە کوردە بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو لە ئێران و سەرهەڵدانی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بوو بە هێمای خەباتی ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا.

لە ئەمەریکا، مەرگی ژینا ئەمینی بووە سەرچاوەی یەکێک لە بەهێزترین وەڵامەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا سەبارەت بە تۆماری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران. لە مانگەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا، ئەندامانی کۆنگرێس چەندین دانیشتنیان ئەنجام دا و ڕاگەیاندنیان بڵاو کردەوە بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندەرانی ئێران و پرۆژە یاسایەکیان بە مەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد.

بۆ زۆرێک لە چالاکوانان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، ناوی ژینا ئەمینی هێشتا وەک هێمای خەبات بۆ ئازادی، مافەکانی ژنان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران ماوەتەوە.