ئەمەریکا و بەریتانیا و هۆڵەندا ئەمڕۆ سێشەممە ئاگادارینامەیەکی هاوبەشی ئاساییشی سایبەرییان بڵاوکردەوە کە وردەکاری لەسەر بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ دزینی زانیاری تێدایە.
بە گوێرەی ئەو ئاگادارینامەیە بەرنامەکە لەلایەن کەسانی سەر بە ئێرانەوە بەکارهاتووە و ئامانج لێی سیخوڕیکردن بووە لەسەر نەیارانی ئێران و چالاکوان و ڕۆژنامەوانان.
سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی سایبەری بەریتانیا دەڵێت کۆمەڵێک کەس لە بواری سایبەر کە پەیوەستن بە دەوڵەتی ئێرانەوە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەرییان بەکارهێناوە بەناوی "chosen brick" کە بەشێکە لە خێزانی بەرنامەکانی دزینی زانیاریی ئەلیکترۆنی. ئامانجیان لەو بەرنامەیە دزینی ئیمەیڵ و کورتەنامە و زانیاریی هەستیاری دیکە بووە. بۆ گەییشتن بەو ئامانجەش بەرنامەکانی وەک وەتسئاپ و تێلیگرامیان بەکار هێناوە.
پۆل چیچێستەری بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکانی سەنتەری نیشتمانی ئاساییشی سایبەری بەریتانی لە لێدوانێکدا دەڵێت "وردەکارییەکانی ئەم هەڵمەتە سایبەرییە دەریدەخەن کە چۆن ئێران بێبەزەییانە چاودێریکردنی نهێنیی دیجیتاڵ بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگرانی ڕژێمەکەی، دزینی ئیمەیڵ و کورتەنامەکان و چوونە ناو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیان."