ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان: چوار ساڵ دوای ژینا هێشتا 'ژن، ژیان، ئازادی' نەکوژاوەتەوە

مای ساتۆ، لە پەیامێکدا بە بۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی لە دەستبەسەری پۆلیسی ئاکار و ڕەوشتی کۆماری ئیسلامی رایگەیاند خۆڕاگریی خەڵکی ئێران سەرەڕای بەردەوامی سەرکوتکردنەکان و توندوتیژی کوشندەی کۆماری ئیسلامی هێشتا بەردەوامە.

مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە 14ی مانگی نۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی ئەم هەفتەیە چوار ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ژینا مەهسا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکار و ڕەوشتی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت.

ئاماژەی بەوەشکرد دوای گیان لەدەستدانی ژینا، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دروست بوو. وتیشی ئەم بزووتنەوەیە لەلایەن ژنان و پیاوانی نەتەوە و پارێزگا جیاوازەکانەوە دەستیپێکرد و داوای مافی یەکسانیان بۆ ژنان و کچانیان کرد. دەسەڵاتداران وەڵامی ئەم ناڕەزایەتیانەیان بە پەنابردنە بەر توندوتیژیی کوشندە دایەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە وڵاتەکەدا هێشتا بەردەوامە و دەڵێت هەرچەندە لە مانگی دوازدەی ساڵی 2024ەوە یاسای پاراستنی خێزان لە ڕێگەی حیجابەوە بە فەرمی ڕاگیراوە، بەڵام دووکان و چێشتخانە و بازاڕەکان بەردەوامن لە داخستن بۆ هۆی ئەو کارمەند و کڕیارانەی کە حیجابی زۆرەملێ ڕچاو ناکەن.

مای ساتۆ نووسیویەتی "دوای چوار ساڵ، ئەو بەرخۆدانەی کە بەهۆی گیان لەدەستدانی ژیناوە سەریهەڵدا، هێشتا نەمردووە و ئەو ژن و کچانەی بە ناوی ئەوەوە ڕژانە سەر شەقامەکان بەردەوامن لە پێداگری لەسەر مافی خۆیان بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە چی لەبەر بکەن و لە کوێ کار بکەن و چۆن بژین؛ و وەک یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چ لە یاسا و چ لە ژیاندا. ئەم مافانە بۆ هەمیشە پێشێل ناکرێن."

ژینا ئەمینی، ئەو کچە تەمەن 22 ساڵەی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵات بوو کە لە مانگی هەشتی 2022 دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکار و ڕەوشتی ئێران لەو ماوەی دەستبەسەریدا لەهۆش خۆی چوویەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بنەماڵەکەی وەڵامی فەرمی کۆماری ئیسلامییان سەبارەت بە چۆنییەتی گیان لەدەستدانەکەی ڕەتکردەوە. گیان لەدەستدانی ئەو کچە کوردە ناڕەزایەتی بەربڵاوی لە ئێران لە ژێر ناوی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لێکەوتەوە.