ڤلادیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا هەفتەی ڕابردوو نزیکەی 2100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 1700 بۆمبی ئاسمانی و 78 مووشەکی جۆراوجۆری ئاڕاستەی وڵاتەکەی کردووە.
زێلێنسکی لە کەناڵی تلگرامەکەیدا نووسیویەتی, بەشێکی بەرچاوی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان فڕۆکەی شاهید بوون کە ڕووسیا بەکاریان دەهێنێت بۆ "تێکشکاندنی ئابووری و وێرانکردنی ژیانی خەڵک".
زێلنسکی وتی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان دامەزراوەکانی وزە و هێڵی شەمەندەفەر و بازرگانی و باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج.
ئەوەشی وت کە لە نزیک سنووری ئۆکرانیا و پۆڵەندا لە ناوچەی ڤۆلین، ڕووسەکان ئاگریان لە بزوێنەرێکی شەمەندەفەر بەرداوە و بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان زیانیان بە وێستگەیەکی سووتەمەنی گەیاندووە.
هاوکات دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە زێلێنسکی کرد هێرشەکان بۆ سەر پاڵاوگەکانی گازوایل ڕووسیا ڕابگرێت.
لە پەراوێزی پاڵەوانێتی گۆلفی کراوەی ئیرلەندا، بە پەیامنێرانی گوت "بەڕێز زلێنسکی پێویستە یەک شت بکات: پێویستە دەست لە گازوایلی رووسیا هەڵگرێت. با بەدوای ئامانجی دیکەدا بڕوات، بەڵام گازوایل نەکاتە ئامانج."
ترامپ وتی "ئەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. ئێمە لەگەڵ زلێنسکی قسەمان لەسەر کرد. ئامانجی تریش زۆرن. لە گازوایل مەدەن، چونکە زیان بە جیهان دەگەیەنێت."
پێشتر زێلنسکی هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزەی ڕووسیای بە کاریگەرترین سزا ناوبرد و وتی ئەگەر ببێتە هۆی بێکارەبایی، هەوڵ دەدەین بە هەمان شێوە وەڵامی بدەینەوە.
کیریلۆ بودانۆڤ سەرۆکی ئۆفیسی زێلنسکی ڕۆژی شەممە وتی کیێڤ ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژە سێ قۆڵییەکان لەگەڵ ڕووسیا و ئەمەریکا لە مانگی دەدا.
کرملین دەستپێکردنەوەی ئەم شێوازەی بەدوور نەزانیوە، بەڵام کات و شوێنەکەی هێشتا ڕوون نییە. زێلێنسکی وتی تورکیا و ئیمارات و سویسرا دەتوانن میوانداریی بکەن.