عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردەیەکی کوردی تۆڕێکی قاچاخچێتی نەوتی ئێران دەرکرد

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، ڕۆژی یەکشەممە 13ی مانگی نۆ، دادگای دەستپاکی کارگێڕی عێراق کە بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەو وڵاتە کاردەکات، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ "ئومێد حاجی ئەحمەد" دەرکردووە کە لە پاسپۆرتی بەریتانیاییەکەی بە "سالم ئەحمەد سەعید" ناسراوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سالم ئەحمەد سەعید بە بەڕێوەبردنی تۆڕی قاچاخی نەوتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکات. ئەم تۆڕە نەوتی سەر بە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێرانی وەک نەوتی عێراق هاوردەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان کردووە.

لەو بڕیارەی دادگای عێراقی کە لە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، سالم ئەحمەد سەعید بە " سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتی دارایی بۆ تیرۆر" تۆمەتبار کراوە.
ئەم کارانە دوای ئەوە ڕوودەدەن کە ئەمەریکا ناوی ئەم کەسە و ژمارەیەک کۆمپانیا و کەشتیی پەیوەندیدار بەم کەسەوە لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو خستە لیستی سزاکانی ئەمەریکاوە.

سالم ئەحمەد سەعید کێیە؟

هەرچەندە سالم ئەحمەد سەعید ناوی جیاوازی هەیە، بەڵام سەرچاوکان دەڵێن ناوبراو بازرگانێکی کوردی دانیشتووی هەولێرە و خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانییە و ساڵانێکی زۆرە لە کەرتەکانی نەوت و کەشتیوانی و بازرگانیدا چالاکی دەکات، بەڵام زۆرێک لە وردەکارییەکانی ژیانی شەخسی و بازرگانییەکەی بە شاراوە لە ڕای گشتی ماونەتەوە.

ڕاپۆرتە بریتانیاکان باس لەوە دەکەن کە لە سەردەمی سەدام حوسێنی حاکمی پێشووی عێراق وڵاتەکەی بەجێهێشتووە و دواتر مافی پەنابەری و پاشان ڕەگەزنامەی بەریتانیای پێدراوە.

هەروەها خاوەنی هۆتێلێکە لە ناوچەی کێنسنگتۆن لە لەندەن بە بەهای نزیکەی 27 ملیۆن پاوەند، هەروەها دوو کۆمپانیای تۆمارکراوی بەریتانیای بەڕێوەبردووە کە دواتر کەوتوونەتە ژێر سزاکانی ئەمەریکاوە.

بەرپرسی تۆڕی قاچاخچییەتی نەوتی ئێران

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سالم ئەحمەد سەعید تۆمەتبار دەکات بەوەی کە تۆڕێکی قاچاخچییەتی بەرفراوانی دروستکردووە کە لەو ڕێگەیەوە نەوتی کۆماری ئیسلامی بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی عێراق لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا فرۆشتووە و ملیارەها دۆلاری لەم ڕێگەیەوە بە سوپای قودسی سوپای پاسداران داوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە ئەم تۆڕە لانیکەم لە ساڵی 2020ەوە بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگەنامەی ساختە ئەم چالاکییە ئەنجام دەدات، ئەمەش بە شاردنەوەی سەرچاوەی ڕاستەقینەی بارەکان و دەربازبوون لەو سزایانەی کە بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپێنراون.
پەیوەندی لەگەڵ قودسی سوپای پاسدارانی ئێران

خەزێنەی ئامەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەم تۆڕە قاچاخچییە لە ڕێگەی داهاتێکی بەرچاو کە لە فرۆشتنی نەوت دەستی کەوتووە، پارەی بۆ سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کە لە لایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، دابین کردووە.

دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا، کۆمسیۆنی شەفافیەتی دارایی لە پەرلەمانی عێراق داوای لێکۆڵینەوە لە گومانلێکراوەکانی گەندەڵی پەیوەست بە گرێبەستە نەوتییەکانی کرد، کە ژمارەیەکی 800 ملیار دیناری عێراقی لەخۆگرتبوو.

لەو چوارچێوەیەدا میدیا عێراقییەکان باسیان لە بەهەدەردانی زیاتر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتی وڵات کردووە سەبارەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە گرێبەستە نەوتییەکان. بەڵام ئەمە یەکەمجارە دادگایەک لە عێراق بڕیارێکی لەم بارەوە دەردەکات.

فەرمانی دەستبەسەرکردنی بەرپرسی تۆڕی قاچاخی نەوتی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەرچووە کە حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بەرنامەیەکی بەرفراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەککردنی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی دەستپێکردووە.