لە سەروبەندی چوارەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵک دەکات 16ی مانگی نۆ وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، دەست بدەنە مانگرتنی گشتی و دوکان و بازاڕەکان دابخەن.
هاوپەیمانییەکە لە بانگەوازێکدا کە 13ی مانگی نۆ بڵاویکردووەتەوە، داوا لە خەڵک دەکات هاوکاتی ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان و نەچوونیان بۆ سەرکارەکەیان لە مانگرتنەکەدا بەشداربن.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە شەش لایەن پێکهاتووە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
هاوپەیمانییەکە لەم بانگەوازەدا دۆخی نالەباری ئابووری و هەژاری و گرانی و بێکاری و سنووردارکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک هۆکاری مانگرتنەی هێناوەتەوە.
ئەو هاوپەیمانییە هەروەها ڕەخنەی لە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، داکۆکیکارانی مافی ژنان، چالاکوانانی فەرهەنگی و ژینگەپارێزی، کرێکاران و مامۆستایان گرتووە و سەرکۆنەی لە دەرکردنی سزای قورس و زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دەکات.
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا هاتووە مانگرتنی سەرتاسەری، جگە لە یادکردنەوەی ژینا ئەمینی و ئەوانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، کردەوەیەکی مەدەنی دەبێت بۆ نیشاندانی هاودەنگی و ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵک.
ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی ڕۆژهەڵاتە کە لە تەمەنی 22 ساڵی لە مانگی نۆی 2022 لەماوەی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکار و ڕەوشت لە تاران، کۆچی دوایی کرد. گیان لەدەستدانی ژینا بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئێران کە بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە.
لە سەروبەندی ساڵیادی ژینا هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکان داوای مانگرتنی گشتی دەکات
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران