دوابەدوای داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق و بڵاوبوونەوەی وێنەی قەرەباڵغی خەڵک و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان لەسەر ئەو ڕێگایانە، حکومەتی عێراق ڕۆژی یەکشەممە 13ی مانگی نۆ ڕایگەیاند ئەو دەروازانە قۆناغ بە قۆناغ دەکرێنەوە.
سعودیە دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە، بۆ ماوەیەکی کاتی هێڵی بۆری ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوای خۆی داخست. ئەم بۆرییە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی سعودیە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەبێ ئەوەی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت.
دوابەدوای ئەو هێرشە، حکومەتی عێراق ڕۆژی هەینی فەرمانی داخستنی دەروازەی سنووری شەلەمچەی لەگەڵ ئێران دەرکرد.
هەروەها بەغدا فەرماندەی سەربازی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای میسانی لە کارەکەی دوورخستەوە و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان ڕاگەیاند.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، گرتە ڤیدیۆییەکانیش بڵاوکرانەوە کە قەرەباڵغی و نائارامی لە دەروازە سنوورییەکانی دیکەی وڵاتدا دەردەکەون، لەنێویاندا سنووری بازرگان لەگەڵ تورکیا.
ئێستا شانەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ئاسایشی عێراق ڕایگەیاندووە، هاتوچۆی سەرنشین و بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی چەزابە و شەلەمچە و مەندەلی "بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان" دەستپێدەکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، خشتەی کاتی بۆ کردنەوەی دەروازەکان دادەنرێت.
لەسەر بنەمای ئەم خشتە کاتییە، دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان لەم سێ دەروازە سنوورییە لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستپێدەکات و تا پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
هەر لەو پێوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە زاری جێگری ئەمنیەتی و جێبەجێکردنی یاسای پارێزگای خوزستان نووسیویەتی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی شەلەمچە و چەزابە بۆ تێپەڕبوونی ئەو خەڵکانەی لە پشت سنوورەوە چاوەڕانی دەکەن، تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر کراوەن.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ڕایگەیاندووە ئەم بڕیارە تەنها ئەو کەسانەی دەگرێتەوە کە لە ئێستادا لە پشت سنوورەوە چاوەڕی دەکەن و ڕێگە بە هیچ کەسێکی نوێ نادرێت بپەڕێتەوە.