ئاژانسی هەواڵی ئیلنا کە ئاژانسێکی فەرمی ئێرانە، بڵاویکردووەتەوە هێڵی هەژاری لە ئێران مانگانە 70 ملیۆن تمەنی تێپەڕاندووە، کە یەکسانە بە نزیکەی 300 دۆلاری ئەمەریکایی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داهاتی مانگانەی کرێکاران لەو وڵاتە تەنانەت ناگاتە 25 ملیۆن تمەن، واتە نزیکەی 105دۆلار.
هێڵی هەژاری بە ئاستێک لە داهات دەوترێت کە خێزانێک پێویستی پێیەتی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان- وەک خۆراک، خانووبەرە، چاودێری تەندروستی، جل و بەرگ و خەرجییە سەرەکییەکانی دیکە. لە ئەنجامدا، داهاتێک لە خوار ئەم ئاستەوە ئەوە دەگەیەنێت کە ماڵەکە ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لە دابینکردنی تێچووی سەرەتایی ژیانی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تێچووی ژیانی خێزانێکی کرێکار مانگانە نزیکەی 90 ملیۆن تمەن بەراوەرد دەکرێت کە یەکسانە بە نزیکەی 390 دۆلار. ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان داهاتی کرێکاران و تێچووی بژێوی ژیان لە ئێراندا.
هەروەها ئیلنا ڕایگەیاندووە هەڵاوسانی ئابووری ئێران لە مانگی حەوتدا بە گشتی گەیشتووەتە 89%، بەڵام بۆ خوراک هەڵاوسان 127.5% بووە.
عەلیرەزا خوڕەمی چالاکوانی کرێکاری بە ئیلنای ڕاگەیاندووە ئیتر کێشە بۆ کرێکاران تەنیا کەمی مووچە و حەقدەست نییە، بەڵکو داهاتیان تەنانەت بەشی کەمترین گوزەرانیش ناکات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە کەلێنی نێوان داهات و خەرجییەکانی ژیان، وتی کاتێک هێڵی هەژاری لە سەرووی 70 ملیۆن تمەنەوە بێت، بەڵام داهاتی کرێکارێک کەمترە لە 20 ملیۆن تمەنە، دابینکردنی خەرجییەکانی بژێوی کرێکاران بووەتە بابەتێکی جیددی.
ڕاپۆرتی ئیلنا لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرت و هەواڵە نێوخۆییەکانی ئێران باس لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک و کەلوپەل و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە دەکەن لەو وڵاتە کە گوشاری ئابووری لەسەر ماڵە کەمداهاتەکانی ئێرانی زیاد کردووە.