حوسییەکانی سەر بە ئێران ڕۆژی پێنجشەممە دەستیان بەسەر شاری بەندەری موخای دەریای سووردا گرت و بەرەو دوورگەکانی حەنیش پێشڕەوییان کرد، ئەمەش پێشکەوتنێکە کە نیگەرانییەکانی لەبارەی ئاسایشی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی جیهانەوە دروستکردووە.
سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە پێشڕەوی حوسییەکان کاریگەرییان لەسەر تەنگەی باب ئەلمەندەب، دەروازەی باشووری دەریای سوور زیاد کردووە. تەنگەکە ڕێگایەکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت و کاڵا لە نێوان کەنداو و ئەورووپا و ئاسیا.
هاوکات هێزەکانی حکومەتی یەمەن و هاوپەیمانەکانیان بە پاڵپشتی سعودیە بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای سوور بەرەو ناوچەی زوباب پێشڕەوییان کردووە کە ناوچەیەکی نزیک باب ئەلمەندەبە. نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن هۆشداری دا لەوەی شەڕی یەمەن دەچێتە قۆناغێکی "نوێ و مەترسیدارترەوە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 4% بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 107 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕەکان.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشبینیی خۆی دووپاتکردەوە کە لە دوای هەڵبژاردنی میدتێرم لە مانگی نۆڤەمبەر، شەڕ لەگەڵ ئێران دەستبەجێ کۆتایی دێت. ترامپ هەروەها لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند ئەگەر چانسی ئەوەی هەبێت جارێکی دیکە بڕیار لەسەر شەڕەکە بدات، ئەوا هەمان بڕیار دووبارە دەکاتەوە و هێرشی دەکاتە سەر.