ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: چالاکی و بنیادنان لە دامەزراوەی ئەتۆمی ژێر زەوی چیای کوڵەنگ بەردەوامە

ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ڕۆژی پێنجشەممە 19 ی نۆ رایگەیاند، وێنەی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن جوڵە و چالاکی بیناسازی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ژێر زەوی ئێران هەیە کە بە "چیای کوڵەنگ" ناسراوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی بلومبێرگ، گرۆسی وتی پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم هێشتا نەیانتوانیوە بچنە ناو تونێلەکەی ئەو پێگەیە. ئەوەشی وت "ئاماژە هەیە کە چالاکی لە دەوروبەری ئەو شوێنە هەن،" بەڵام وتی ئاژانسەکە زانیاری تایبەتی لەسەر ئەگەری چالاکی لەناویدا نییە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، چەند جارێک ئاماژەی بە چالاکی لە "چیای کوڵەنگ" کردووە و ڕۆژی چوارشەممە وتی ئەمەریکا هەندێک چالاکی لەوێ بینیوە و هۆشداری دا بە کۆماری ئیسلامی کە هەر کارێکی وروژێنەر بکرێت، ئەمەریکا وەڵامی توندی دەبێت.