تۆم باراک لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆبوویەوە و جەختی لە گرنگی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە

تۆم باراک باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە ئەنکەرە کۆبووەوە.

باراک لە پۆستێکیدا لە ئێکس سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا نوسیویەتی "شەرەفمەندم ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان لە بێشتەپە کۆبوومەوە." هەروەها باسی لەوەکردووە کە لە یادەی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکادا "بە هیواوە دەڕوانینە سەدەیەکی نوێ لە پەیوەندی دیپلۆماتی لەنێوان تورکیا و ئەمەریکادا."

هەروەها لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات نوسیویەتی "ئەم هاوپەیمەنییە هەرگیز هێندە ئێستا بەهێز نەبووە."

باراک باسی لەوەشکردووە کە تورکیا و ئەمەریکا پابەندیی قوڵیان هەیە، وەک هاوپەیمان لە ناتۆ، هاوبەشی ئابووریی، و وەک هاوڕێش کە چەندین دەیەیە شان بەشانی یەکدی مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە.

باراک نوسیویشیەتی کە "گفتوگۆکانی ئەمڕۆ پابەندبوونی هاوبەشمانی پشتراستکردەوە لەبارەی ئاسایشی ناوچەکە، هاریکاریی ئابووریی، و درێژەپێدانی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتمان."