سەرۆک ترامپ لە داڵاس: ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزمان هەیە؛ نرخی نەوت دادەبەزێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە بە کاتی واشنتن لە کۆنگرەی کۆمارییەکان لە شاری داڵاس لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە شەڕی ئێران و بارودۆخی تەنگەی هورمز کرد. سەرۆک ترامپ وتی ئەمەریکا لە شەڕی ئێراندا سەردەکەوێت و وتیشی ئەمەریکا کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی کردووە.

ترامپ وتی "ئێمە سەردەکەوین. ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزمان لە دەستدایە." پاشان پێشنیاری گۆڕینی ناوی ئەو ڕێڕەوە ئاوییەی کرد بۆ "تەنگەی ترامپ" و وتی "پێموایە پێویستە ناوی بنێین تەنگەی ترامپ و منیش دەبێت شتێک لەم چیرۆکەم بەرکەوێت."

ترامپ هەروەها وتیشی ئێران لە ماوەی 51 ساڵی ڕابردوودا شەڕفرۆش و ملهۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، بەڵام چیتر ڕۆڵێکی لەو شێوەیەی نەماوە و وڵاتەکەیان لە لیواری داڕماندایە.

دۆناڵد ترامپ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی لە کۆنگرەی کۆمارییەکان ڕایگەیاند ئەگەر ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران نەهاتبایە دەرێ و ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی بی دوو نەکرابایە ئامانج، تاران تا ئێستا چەکی ئەتۆمی بەدەستدەهێنابوو.

ترامپ وتیشی "ناتوانین ڕێگە بە ئێران بدەین چەکی ئەتۆمی هەبێت، بابەتەکە زۆر سادەیە؛ ناتوانین ڕێگەیان پێبدەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران بە یەکێک لە "خراپترین ڕێککەوتنەکان" ناوبرد و وتی ڕێککەوتنەکە ڕێگەی بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی خۆش کردبوو.

ترامپ وتی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاشکرایان کردووە کە ئێران تەنیا دوو سێ هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ئاماژەی بەوەشکرد هەر بۆیە بڕیاریداوە کردەوەی سەربازی دژ بە ئێران دوا نەخات، هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر هێرشەکە نەکرابایە، ئێران دەیتوانی لە ماوەی مانگێکدا چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

ترامپ هەروەها ئاماژەی بە دۆخی ئابوری ئەمەریکا پێش جەنگ کرد و ڕایگەیاند کە بازاڕی بۆرسە لە بەرزترین ئاستدایە و نرخی نەوتیش لە ئاستێکی نزمدایە. ئاماژەی بەوەشکرد سەرەڕای شەڕەکە ئێستا بازاڕی بۆرسەی ئەمەریکا بەرزترە لە پێش هێرشەکەی ئەمەریکاش بۆ سەر ئێران.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک ترامپ وتی "کۆماری ئیسلامی هیوادارە تا هەڵبژاردنی میدتێرم درێژە بەو شەڕە بدات بۆ ئەوەی دوای ئەوە بتوانێت لەگەڵ دیموکراتەکان بگاتە ڕێککەوتن." پێشبینیشی کرد کە شەڕەکە دوای هەڵبژاردن کۆتایی پێبێت و نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.