ڕیک سکات سیناتۆری کۆماری خەڵکی فلۆریدا لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێدەچێت ئەمریکا بەردەوام بێت لە شەڕ لەگەڵ ئێران تا ئەو کاتەی گۆڕینی ڕژێم لە تاران ڕوودەدات.
ڕیک سکات پشتیوانی لە کارەکانی دۆناڵد ترامپ لە دژی ئێران کرد و وتی سەرۆکی ئەمەریکا یەکەم کەسە "ئازایەتی"ی هەبووە بە ئێران بڵێت واز لە کوشتنی ئەمەریکاییەکان بهێنن.
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە وتی ئەوەی کە ترامپ کردوویەتی بۆ لێپرسینەوە لە کۆماری ئیسلامی "باوەڕپێنەکراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد پێویستە ئەمەریکاییەکان لەبیریان بێت کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئەمەریکاییەکان بکوژێت.
سیناتۆر سکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، هیچ ئەمەریکاییەک لە هیچ شوێنێکی وڵاتدا پارێزراو نابێت و تەنانەت دەتوانن چەکێکی ئەتۆمی زۆر بە ئاسانی لە جانتایەکدا بگوازنەوە بۆ ئەمەریکا و ئێمە بکۆژن."
سکات ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کرد و وتی هیچ کەسێک خوازیاری شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نییە، بەڵام بە گوتەی ئەو ڕێگریکردن لە کوشتنی ئەمەریکاییەن بە چەکی ئەتۆمی گرنگترە.
سیناتۆر سکات هەروەها ڕایگەیاند ترامپ هەوڵدەدات بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، نایەوێت هێزەکانی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە، هەروەها نایەوێت شەڕێکی بێکۆتاییش هەبێت.
وتیشی پێی وایە پێدەچێت ئەمەریکا درێژە بەو پرۆسەیە بدات تا ئەو کاتەی کە گۆڕانی ڕژیم لە ئێران ڕوودەدات؛ تا کەسێکی تر دەست بەسەر وڵاتەکەدا دەگرێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی "هیوادارم خەڵکی ئێران "هەڵبستنەوە" و بتوانن کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن.
سکات لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "بەتەواوی پشتگیری" لە کردەوەکانی ترامپ دەکات بەرامبەر بە ئێران.