سەرۆک ترامپ: شەڕ لەگەڵ ئێران دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا کۆتایی دێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی چوارشەممە بە کاتی واشنتن ڕایگەیاند شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی ئەمەریکا کە بە مید تێرم ناسراوە، کۆتایی دێت.

سەرۆک ترامپ پێش ئەوەی لە واشنتن بەرەو داڵاس بەڕێکەوێت، بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئێران هەوڵدەدات کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دروست بکات، بەڵام تاران چیتر ناتوانێت لە بەرامبەر فشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکادا درێژە بە شەڕەکە بدات.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی "پێموایە شەڕەکە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردن کۆتایی دێت، چونکە ناتوانن بەردەوامی پێبدەن، ئەوان بە نائومێدیەوە هەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردن هەبێت."

ترامپ وتیشی ئێمە تەنگەی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەین، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی ئەمەریکا دروست بکات، چونکە تاران هیواخوازە دوای هەڵبژاردنەکان ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسانە ببێتەوە کە کەمتر فشار دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامی.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران، سەرۆکی ئەمەریکا وتی "ئەو ڕێککەوتنەی کە من ئەنجامی دەدەم، زۆر زیاترە لە پرسی ئەتۆمی." ئاماژەی بەوەشکرد هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری پرسەکانی دیکەش دەگرێتەوە کە سێ مانگ لەمەوبەر بابەتی گفتوگۆکان نەبوون.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی تەنگەی هورمز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ترامپ وتی "ئێمە ئەو هێرشانە دەکەین، هێرشی زۆرتریش دەبینن."