سەرۆک وەزیرانی پاکستان هێرشەکەی حوسییەکانی بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و وزە لە سعودیە بە " ترسنۆکانە" ناوبرد و بە توندی شەرمەزاری کرد.
شەهباز شەریف لە پێگەی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی، بە توندترین شێوە شەرمەزاری ئەو هێرشە ترسنۆکانەی حوسییەکان دەکەم بۆ سەر دامەزراوە مەدەنیەکان و وزە لە شانشینی سعودیە، کە خەڵکێکی زۆری بریندار کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاکستان پشتیوانی خۆی بۆ شا سەلمان و شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان و گەلی سعودیە دەردەبرێت.
شەریف جەختی لەوە کردەوە، "ئەم جۆرە هێرشانە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی بێتاوان و ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکەن". ئێمە پشتگیری بەردەوامی خۆمان بۆ ئاسایش و یەکپارچەیی ناوچەکە دووپات دەکەینەوە.
وەزارەتی وزەی سعودیەش ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە باشووری وڵات، ژمارەیەک دامەزراوە و ناوەندەکانی وزە زیانیان بەرکەوتووە و ژمارەیەک کارمەندیش برینداربوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و هێزەکانی حکومەتی یەمەنی هاوپەیمانی سعودیە توندتر بوونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهێنان بەو ئاگربەستە چوار ساڵەیەی کە لە شەڕی ناوخۆی یەمەندا راگەیەندرابوو.