هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و کۆتاییهاتنی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوا، جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆ سەر گۆڕانی دۆخی سیاسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشاوە، پێشهاتێک کە بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، هاوشانی پێشهاتەکانی ئەم دواییانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، ئاماژەیە بۆ لەدەستچوونی بەرچاوی دەستکەوتەکانی کورد بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە شیکارییەکدا کە لە 5ی ئەم مانگە بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی کورد نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر لە یەکێک لە پێگە سیاسی و سەربازییە بەهێزەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا بووە، کاتێک هێزە کوردییەکان ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە بەشێکی عێراق و سوریا کۆنترۆڵکرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هێزە کوردییەکان لە سووریا و عێراق توانیان لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتی حکومەتە ناوەندەکان لە بەشێکی زۆری ئەو دوو وڵاتە لاواز یان داڕما بوون، توانیان نفوزی خۆیان فراوانتر بکەن. هەروەها هێزە کوردییەکان بەهۆی ڕێکخستنیان و عەلمانیەت و هاوکاری نزیک لەگەڵ ڕۆژئاوا بوونە یەکێک لە هاوبەشە سەرەکییەکانی ئەمەریکا لە شەڕی داعشدا.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و لەدەستدانی کەرکوک
ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانە سەرەکییەکانی پاشەکشەی سیاسی کورد لە عێراق بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە مانگی نۆی 2017 ناو دەبات.
لەم ڕیفراندۆمەدا نزیکەی 92%ی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا، بەڵام بەغدا و ئێران و تورکیا و وڵاتانی ناوچەیی پشتیوانی ئەو پرۆسەیەیان نەکرد. دواتر هێزەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چوونە ناو ناوچە کێشەلەسەرەکان و هەرێمی کوردستانیش کۆنتڕۆڵی بەشێک لەو خاکانەی لەدەستدا کە کۆنتڕۆڵی کردبوو، لەنێویاندا کەرکوک.
ڕۆژنامەکە پێیوایە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی کوردستانی عێراق لەوانەش پارتی و یەکێتی توانای کوردی کەمکردەوە بۆ وەڵامدانەوەی بەهێز بە پێشهاتەکانی دوای ڕیفراندۆم.
فشارە ئابوورییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەی سەربەخۆ وایکرد سەربەخۆیی ئابووریی هەولێر لە ساڵانی دواتردا کەم ببێتەوە.
لە ساڵی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە تەنیا حکومەتی ناوەندی بەغدا دەسەڵاتی واژۆکردنی گرێبەستی هەناردەکردنی نەوتی هەیە. دوای چەند مانگێک لە ڕاوەستانی هەناردەکردنی نەوت، ڕێککەوتنێک لە مانگی نۆی ساڵی 2025 یارمەتیدەر بوو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، نەوتی بەرهەم هێنراو لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە دەبێت هەناردە بکرێت.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە ئەگەری کەمبوونەوەی هاوکارییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە داهاتووی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیشی لێکەوتووەتەوە. پێشتر ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردبووەوە حکومەتی ئەمەریکا بیر لە کەمکردنەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە.
کۆتایی هاتنی ئۆتۆنۆمی کورد لە سوریا
بەرچاوترین پەرەسەندنی ئەم دواییە لە ڕۆژئاوا هەڵوەشاندنەوەی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە لە 25ی مانگی هەشت دا.
مەزلوم عەبدی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند کە ئەرکی هێزەکە کۆتایی هاتووە و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکەی ڕاگەیاند. هێزەکانی ئەم گرووپە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لە نێو پێکهاتە سەربازییەکانی سوریادا یەکدەخرێن.
هەروەها بڕیارەکە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی لە پێکهاتەی حکومەتی سوریادا دەگرێتەوە.
لە ساڵانی شەڕی سوریادا، هێزەکانی سوریای دیموکرات گرنگترین هاوبەشی زەمینی ئەمەریکا بوون لە شەڕی دژی داعش و لە لوتکەی دەسەڵاتەکەیاندا بەشێکی زۆری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کۆنترۆڵکرد.
بەڵام دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سوریا و هێرشی هێزە نوێیەکانی حکومەت بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدا بوون، ئەو گروپە بەشێکی بەرچاو لەو ناوچانەی لەدەستدا کە کۆنتڕۆڵیان کردبوو و دواجار لەگەڵ دیمەشق گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی بتوانن تێکەڵ بە پێکهاتەی حکومەت بن.
لە ئۆتۆنۆمیەوە بۆ بەشداریکردن لە پێکهاتەی حکومەتدا
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی دوای ڕێککەوتنەکە بڵاوکراونەتەوە، کورد لە سوریا هێشتا هەندێک مافی هەیە، لەوانە فێرکردنی زمانی کوردی و ژمارەیەک لە هێز و کەسایەتییەکانی پێشووەکانی سوریای دیموکرات لە نێو پێکهاتە نوێیەکانی حکومەتدا ئامادە دەبن.
هەروەها لە 28ی مانگی هەشتدا ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا مەزلوم عەبدی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد؛ هەنگاوێک کە ئاماژەیە بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی پەیوەندی نێوان دیمەشق و سەرکردایەتی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە بۆ هاوکاری سیاسی.
مەزلوم عەبدی، سەرکردەی دیفاکتۆی کوردەکانی ڕۆژئاوا، لە بەڕێوەبردنی 30%ی خاکی سوریا بۆ "ڕاوێژکار"ی شەرع دابەزی.
هەروەها بڕیارە ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ ئیدارەی خۆسەر، وەک ئەندامێکی دەستنیشانکراوی پەرلەمان لە دیمەشق خزمەت بکات.
بەڵام داهاتووی ڕۆڵی کورد لە پێکهاتەی ئەمنی سوریادا هێشتا جێی پرسیارە. بە تایبەتی هێشتا پێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان بە تەواوی ڕوون نەکراوەتەوە. ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردووەتەوە زیاتر لە 1500 ئەندامی یەپەژە لە چاوەڕوانیدان سەبارەت بە ڕۆڵ و شوێنی خۆیان لە داهاتووی سوریادا.
گۆڕینی ڕێبازی ئەمەریکا
لە بەشێکی دیکەی ئەم شیکارییەدا، ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست باس لەوە دەکات کە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی گۆڕانی پێگەی کورد، گۆڕانی ڕێبازی وڵاتانی ڕۆژئاوایە، بەتایبەتی ئەمەریکا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە شیکارییەکەی ئۆرشەلیم پۆست، ئەمەریکا لە ماوەی ساڵانی شەڕ و داڕمانی دەسەڵات لە سوریا و عێراق پشتی بە هێزە کوردییەکان وەک هاوپەیمانی ناوخۆیی بەستبوو. بەڵام ئێستا لەگەڵ بەهێزبوونی حکومەتە ناوەندەکانی بەغدا و دیمەشق، واشنتن پشتبەستنی بە هێزە کوردییەکان وەک ئەکتەری سەربەخۆ کەم دەکاتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کاتێکدا ڕوویدا کە پێشتر واشنتن ڕێککەوتنی کوردی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناو برد بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە پێکهاتەی حکومەتی نوێی سوریادا.
لە ئەنجامدا کوردەکان لە سوریا و عێراق ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی جیاوازتر دەبنەوە لەوەی کە دە ساڵ لەمەوبەر هەیانبوو، قۆناغێک کە لاوازی حکومەتە ناوەندەکان و شەڕی داعش ڕێگەی پێدان ڕۆڵێکی سیاسی و سەربازی زۆر فراوانتر لە ناوچەکەدا بگرنە ئەستۆ.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، هۆکارەکانی گۆڕانی پێگەی کورد لەم چەند ساڵەی دواییدا فرەچەشنن. بەشێک لە هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ دووبەرەکییە سیاسییەکانی نێوان کورد خۆی و کەڵک وەرنەگرتن لە دەرفەتە دیپلۆماسییەکان لە لوتکەی دەسەڵاتەکەیاندا.
بەڵام بە پلەی یەکەم پێگەی کورد لاواز بووە، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و داڕمانی حکومەتەکاندا هاوپەیمانی کورد بوون، ئێستا بڕیاریان داوە پشتیوانی لە حکومەتە ناوەندەکانی سوریا و عێراق بکەن لە پێناو پاراستنی سەقامگیریدا.