بەسێنت: تەنیا 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بۆ فرۆشتن ماوەتەوە؛ نەوتی تر نییە بۆ چین

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت گەمارۆی دەریایی و سزا بەرفراوانەکانی دژ بە ئێران وایکردووە هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی و دەستڕاگەیشتنی بە داهاتەکانی بە توندی سنووردار بکرێن و هەرکاتێکیش ئەو بارانەی کە ماونەتەوە تەواو بن، چینیش چیتر هیچ نەوتێکی نابێت بۆ کڕین لە ئێران.

سکات بەسێنت لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز کە ڕۆژی یەکشەممە پەخشکرا، هەڵمەتی بەناو "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی بە هەوڵێکی بێ وێنە بۆ دابڕاندنی کۆماری ئیسلامی ناودێر کرد و وتی "ئێمە ئەم ڕێژیمە دەخنکێنین."

بەسێنت بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی چین وەک کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران، وتی گەمارۆی دەریایی ڕێگری لە ڕۆشتنی باری نوێ کردووە و مەزەندە دەکات کە پێدەچێت تەنها نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی مابێتەوە کە چین هێشتا نەیکڕیوە.

بەسێنت وتی کاتێک ئەم بارانە تەواو بوون، پرسی بەردەوامبوونی چینیش لە کڕینی نەوتی ئێران نامنێنیت، چونکە چیتر بەرهەمێک لەبەردەستدا نابێت بۆ کڕین.

ئەم ژمارەیەی وەزێری خەزێنەی ئەمەریکا ئاماژەی پێکردووە، بۆ ئەو نەوتەیە کە بۆ فرۆشتن ماوەتەوە نەک یەدەگی نەوتی ژێرزەوی ئێران.

جگە لە گەمارۆی دەریایی کە هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی کردووەتە ئامانج، حکومەتی ئەمەریکا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەرنامەیەکی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" دەستپێکردووە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی لە جیهاندا.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەم چاوپێکەوتنە نوێیەدا، سزاکان و گەمارۆی دەریایی بە دوو کەرەستەی تەواوکەری یەکتر زانی و وتی تێکەڵکردنی ئەم دوو ڕێبازە پێکەوە بە پێچەوانەی ڕەخنەکان سەبارەت بە ناکاریگەری گەمارۆکان، ئەنجامێکی "بێوێنە"ی لە دژی کۆماری ئیسلامی هەیە.

بەسێنت پێشتر ڕۆژی هەینی لە کەناڵی ئێکس نووسیبووی کە لە دوای دووبارە دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، هیچ بارێکی نەوتی خاوی ئێران نەیتوانیوە بە تەنگەی هورمزەوە بەرەو چین تێپەڕێت.

لەگەڵ دابەزینی بەهای ڕیاڵ و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا جۆراوجۆرەکان لە ئێران، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی باڵای ئێرانەوە ڕایگەیاندووە، توندکردنەوەی سزاکان و گەمارۆدانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، وایکردووە بەرەنگاربوونەوەی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا تادێت قورستر بێت بۆ حکومەت.

بەگوێرەی داتاکانی کەپڵەر لە ڕاپۆرتەکەدا، بارکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ نزیکەی 260 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بووە. بەڵام موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوت، جەختی لە بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ئامارەکان بخاتەڕوو.