ئەعەرەجی: ئەمەریکا سیستەمی بەرگری خۆی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکشێنێتەوە

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا ڕۆژی 30ی مانگی نۆ بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە و ئەم کشانەوەیەش سیستمی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانی دەگرێتەوە، لەنێویاندا ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕووداو، ئەعرەجی ڕایگەیاندووە ئەو ڕێوشوێنە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا دەگیرێتەبەر کە لە نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی واژۆ کراوە، هەروەها لایەنی ئەمەریکایش ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ جێبەجێکردنی لە وادەی دیاریکراودا.

ئاماژەی بەوەشکردووە پڕۆسەی کشانەوەی هێز و کەرەستە لە عێراق قۆناغ بە قۆناغ دەستیپێکردووە، هەموو ئەو هێز و سیستمە بەرگرییانەی کە لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدان، دواجار وڵات بەجێدەهێڵن.

سەبارەت بە چەککردنی گروپە چەکدارەکان لە عێراق، ئەعەرەجی هەروەها ڕایگەیاند دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، حکومەتی ئەو وڵاتە بەدواداچوون بۆ پرسی ڕێکخستنی چەک دەکات.

بە وتەی ناوبراو ئامانجەکە ئەوەیە میکانیزمێکی گشتگیر دروست بکرێت بۆ ئەوەی هەموو چەکەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.

ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها ڕاپۆرتێکی لەبارەی پێشکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان داوە و ڕایگەیاندووە گفتوگۆکان بەشێوەیەکی ئەرێنی بەردەوامن و لیژنەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن.

بەغدا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 30ی مانگی نۆی ئەمساڵیان دیاریکردووە وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە عێراق و تەواوکردنی کشانەوەی هێزەکان کە لە ساڵی 2014ەوە لەو وڵاتە ئامادەن، ئەمەش لەسەر داوای حکومەتی عێراق.

پێشتر بی بی سی بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی نووسیبووی پنتاگۆن بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە بەنیازی درێژکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوکاریی ئەمنی نییە، هەروەها ئەم بەڵگەنامەیە لە هەمان بەرواردا کۆتایی دێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی ئەمەریکا بەنیازە لەدوای 30ی مانگی نۆ، هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش ڕابگرێت.