سینتکۆم: لە وەڵامی هێرش بۆ سەر دوو کەشتی ئەمەریکی سێ کەشتی ئێرانمان لە ناوبرد

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە 5ی نۆ، هێرشیان کردووەتە سەر سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی، دوای ئەوەی بە وتەی سینتکۆم، سوپای پاسداران چەند مووشەکێکی بالستیکیان بەرەو دوو کەشتیی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا هاویشتووە.

سێنتکۆم لە پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا وتی، کەشتییە جەنگییە ئەمەریکاییەکان، کە یەکێکیان کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و ئەوی دیکەیان مووشەک‌هەڵگر بووە، توانیویانە خۆیان لە چەند هێرشێکی ئێران بپارێزن و هیچ کەسێک لە هێزەکانی ئەمەریکا زیانی پێ نەگەیشتووە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکە، دوای هێرشەکانی ئێران، هێزەکانی ئەمەریکا کەشتیی نەوتهەڵگری داونی نزیک کەناراوەکانی دوورگەی خارک و ستارک 1 لە نزیک جاسک لەکار خستووە.

سێنتکۆم هەروەها دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا کەشتیی نەوتبەری کایلۆ، کە بە ناوی نۆکسێنیش ناسراوە، لە دەریای عومان بە تەواوی لەناوبردووە. بەپێی بەیاننامەکە، ئەو کەشتییە بێ‌بار بووە و پێش هێرشەکە داوا لە ستافی کەشتییەکە کراوە کە کەشتییەکە چۆڵ بکەن. دواتر چەند خاڵێکی گرنگی کەشتییەکە کرانە ئامانج بۆ ئەوەی بە تەواوی لەکار بخرێت.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دەڵێت هەر سێ کەشتیی نەوتبەرەکە بەشێکن لە تۆڕێکی چەند ملیار دۆلاریی فرۆشتنی نەوت کە بە وتەی سێنتکۆم، داهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەکاردێت.

ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، لە بەیاننامەکەدا وتی: "با پەیامەکە بۆ سوپای پاسداران ڕوون بێت؛ ئەگەر ئێوە دوو کەشتیی ئێمە بکەنە ئامانج، ئێمە تێچووی ئابووریی زیاتر بەسەرتاندا دەسەپێنین و سێ کەشتیی ئێوە لەناودەبەین."

کوپەر هەروەها هۆشداری دا کە هێزەکانی ئەمەریکا لە پاراستنی هێزەکانی خۆیان دوودڵ نابن و ئەگەر پێویست بێت، بە وتەی ئەو، "کەشتییە نەوتبەرە سنووردار و بێ‌بەرگرییەکانی ئێران" لەناودەبەن.

میدیاکانی ئێران پێستر بەربەرەیانی رۆژی شەممە باسیان لە بیسترانی دەنگی تەقینەوە لە نزیک دوورگەی خارک و کرانە ئامانجی کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی کردبوو.