واڵ ستریت جۆرناڵ: تێپەڕبوونی کات لە دژی ئێرانە

دوای شەش مانگ لە دەستپێکردنی ملمێلانێ لەسەر تەنگەی هۆرمز، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت تێپەڕبوونی کات هەتا دێت لە دژی حکومەتی ئێران کار دەکات و توانای تاران بۆ بەکارهێنانی تەنگەکە وەک ئامرازێکی فشار بەردەوام لە لاوازبووندایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆماری ئیسلامی بە داخستنی تەنگەی هورمز، کە لە دۆخی ئاساییدا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەو ڕێگەیدا دەگوازرێتەوە، هیواخواز بوو قەیرانێکی گەورەی ئابووری دروست بکات و واشنتن ناچار بکات بە مەرجەکانی تاران ڕازی بێت.

بەڵام واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت ئەو خواستەی ئێران تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. نرخی نەوت، سەرەڕای بەرزبوونەوە، لە ژێر 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ماوەتەوە و وڵاتانی عەرەبی کەنداو توانیویانە بە پشتیوانی ئەمەریکا بەشێکی بەرچاو لە نەوتی خۆیان بگەیەننە بازاڕەکانی جیهان.

لە هەمان کاتدا، گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکا لە مانگی شەشەوە بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی کەنداوەوە کردووە؛ هەنگاوێک کە یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی داهاتی دراوی بیانیی تاران دەخاتە ژێر فشار.

واڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دامەزراوەی تانکر ترەکێرز دەڵێت لە ماوەی 28 ڕۆژی ڕابردوودا، بە شێوەی ناوەندی ڕۆژانە زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت، کە هیچی نەوتی ئێران نەبووە، لە تەنگەی هورمزەوە هەناردە کراوە.

لە هەمان ماوەدا، ڕۆژانە نزیکەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکە لە بەندەرەکانی کەنداوی عومانەوە هەناردە کراوە؛ لەوانەش بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات.

سامیر مەدەنی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی تانکێر ترەکێرز، دەڵێت گەمارۆکەی ئێران بەراورد بە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکا "کەلێنی زیاتر"ی هەیە و تاران نەیتوانیوە هاتووچۆی نەوت بە تەواوی بوەستێنێت.

بەپێی واڵ ستریت جۆرناڵ، ئەم ڕەوتە نیشان دەدات توانای حکومەتی ئێران بۆ بەکارهێنانی تەنگەی هورمز وەک ئامرازێکی فشار بەسەر ئەمەریکا و ئابووری جیهاندا بە تێپەڕبوونی کات لاوازتر دەبێت.