قارچکی سایلۆسیبین بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دوای چارەسەری کیمیایی

توێژینەوەیەکی نوێ هیوایەکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی یەکێک لە بێزارکەرترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەری کیمیایی خستووەتەڕوو. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە سایلۆسیبین کە پێکهاتەی چالاکە لە جۆرێک لە قارچکەکاندا کە بە "قارچکی سیحراوی" ناسراوە، ڕەنگە بتوانێت ڕێگری بکات لە تێکچوونی دەمارەکان و ئەو ئازارانەی بەهۆی چارەسەری کیمیاییەوە دروست دەبن.

گۆڤاری سایەنسی ئەمەریکایی بڵاویکردەوە کە توێژینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ئەگەر هەیە پێکهاتەی ناو قارچکی سایلۆسیبین سودبەخشبێت بۆ بەرگرتن لە ئازار کە لە ئەنجامی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی دەکەوێتەوە.

توێژەران 'قارچکی سایلۆسیبین' یان داوە بە مشک پێش چارەسەری کیمیایی و ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو پێکهاتەیە مشکەکانی پاراستووە لە زیانگەیشتن بە دەمارەکانیان و دروستبوونی ئازار، بەبێ ئەوەی هیچ کارتێکەرییەکی هەبێت لەسەر خودی چارەسەرەکە.
توێژەران دەڵێن رەنگە ئەو پێکهاتەیەی لەناو قارچکی سایلۆسیبین (قارچکی وڕێنەپێکەر)دا هەیە لەو رووەوە یارمەتیدەربێت.

هەروەها گۆڤارەکە باس لەوەشدەکات کە توێژینەوەکانی تاقیگە ئاماژەبەوەدەدەن کە ئەو ماددەیە دەبێتە رێگر لە گۆڕانکاریی خانەیی و وردیلۆچکەیی کە پەیوەستن بە چارەسەری کیمیاییەوە لە خانە دەمارییەکانی مشک و مرۆڤدا.

بڕیارە تاقیکردنەوەی زانستیی لەسەر مرۆڤ بەم زووانە ئەنجامبدرێت لەسەر ئەو نەخۆشانەی لە ئێستادا چارەسەری شێرپەنجە وەردەگرن و لەهەمان کاتدا ئەو ماددەیەشیان پێدەدرێت.

ئەلێکس کوان، زانستکاری دەمار لە زانکۆی کۆرنێڵ، کە بەشدارە لە توێژینەوەکە، دەڵیت "ئەگەر تاقیکردنەوە زانستییەکە لەسەر مرۆڤ ئەنجامە سەرەتاییەکان پشتراستبکاتەوە، ئەوا ئەو دەرئەنجامانە لێکەوتەی زۆر گەورەیان دەبێت." هەروەها دەڵێت کاریگەرییەکانی سایلۆسیبین لە توێژینەوەکەدا "یەکجار گرنگن" و بەڵام خۆی و هاوتوێژەرەکانیشی دەڵێن کە پێویستیان بە داتای زیاترە تاوەکو دڵنیابنەوە لە کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانە لەسەر مرۆڤ.

چارەسەری کیمیایی کاردەکاتە سەر خانە خێرا گەشەسەندووەکانی شێرپەنجە، بەڵام ئەو چارەسەرە زۆرجار کاردەکاتە سەر خانەکانی دیکەی لەش. دەرمانی دروستکراو لە پلاتینیۆم وەک سیسپلاتین و دەرمانی دیکە بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێن لە چارەسەردا بەڵام ئەگەری ئەوەیان هەیە زیانبگەیەنەن بە دەمارەکان، کە ئەمەش دەبێتە مایەی مێروولەکردن، هەستکردن بە سوتاویی، و سڕبوون بەتایبەت لە دەست و پێیەکان. هیچ چارەسەرێکیش بۆ ئەو کاریگەرییە لاوەکییانە لە گۆڕێ نیە.

هەندێک جار پزیشکەکان دەرمانی دولێکێستین دەنوسن کە دەرمانی دژە خەمۆکیی و ناڕێکیی دیکەیە، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو دەرمانە ناتوانێت ئەو ئازارانە چارەسەربکات کە بەکارهێنانی چارەسەری کیمیایی لەسەر مرۆڤ دروستیاندەکات.

سایلۆسیبین، کە لە زۆر جۆری قارچکی سیحریدا هەن، لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجی زۆر چۆتەسەر وەک دەرمانێک کە ئەگەری چارەسەرکردنی ئازاری هەیە، هەروەها بۆ چارەسەری هەندێك لە پەشێوییە دەرونییەکان. لەشی مرۆڤ ئەو پێکهاتەیە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێت و دەیکاتە پێکهاتەیەك کە پێیدەوترێت سایلۆسین. ئەو پێکهاتەیە لەگەڵ وەرگری دەمارەکان کارلێکدەکات بۆ گواستنەوەی سیراتۆنین، بەمەش چالاکیی مێشك دەگۆڕێت و وڕێنەکردن و کاردانەوەی دیکەی لێدەکەوێتەوە.

بەڵگەکەکان لەبارەی کاریگەربوونی سایلۆسیبین وەک ئازارشكێن جۆراوجۆن. بەڵام توێژەران لە سەنتەری ئەندەرسن بۆ شێرپەنجە بیریان لەوە کردەوە کە ئایا دەکرێت پێدانی دەرمانەکە پێشوەخت، نەوەک پاش زیانگەیشتن بە دەمارەکان، ئەنجامی بەسوودی هەبێت.

پاتریک دەگەرتی هاونوسەری توێژینەکە، کە توێژەی ئازارە لە سەنتەری ئەندەرسن، دەڵێت "بیرۆکەکە ئەوەیە لەبری ئەوەی شتەکان دوای خراپبوونیان چاکبکەینەوە، ئەوەیە هەر لە سەرەتاوە بیپارێزین."

چارەسەری کیمیایی یارمەتیدەربووە لە گۆڕینی نەخۆشییە کوشندەکان بۆ دۆخی چارەسەربوو یاخود ئیدارەدراو. بەڵام لە هەمان کاتدا رشتەیەک کاریگەریی لاوەکی دەخاتەوە، لەنێواندا زیانگەیاندن بە دەمارەکان و هەندێکی جاریش دروستبوونی ئازاری بەردەوام. ئەمانەش بەشێوەیەکی زۆر کاردەکەنە سەر ئاستی ژیانکردنی نەخۆشەکە تەنانەت پاش چاکبوونەوەی لە شێرپەنجە.