ئیسرائیل بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی عەلی تاهر دەگرێت

ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی عەلی تاهری لە باشووری لوبنان و دوو ڕێڕەوی سەرەکی حیزبوڵڵای بۆ ناوچەکە بەتەواوی گرتووە.

بەپێی هەواڵی میدیا ناوچەییەکان ڕۆژی هەینی 4ی مانگی نۆ دوای چەند هەفتەیەک لە پێکدادانی سەربازی لە بەرزاییەکانی عەلی تاهر لە ڕۆژهەڵاتی نەباتیە لە باشووری لوبنان، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ناوچەکە بکات و تونێلەکانی حزبوڵاش لەسەر دوو میحوەری سەرەکی لە ناوچەکە لە هێزەکانی حزبەڵڵا و ئەندامانی سوپای پاسداران پاک بکاتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی عەلی تاهر، ناوچەی ئەمنی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەهێزتر دەکات و سوپای ئیسرائیلیش لەم پێگە ستراتیژییەی حزبوڵڵا پاشەکشە ناکات.

سوپای ئیسرائیل تەواوی ئەو ناوچەیەی باشووری لوبنانی لەژێر دەستی حزبوڵڵا دەرهێناوە و خستوویەتییە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و بە "ناوچەی ئەمنی" ناویدەبات.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی خۆی بەسەر بەرزاییەکانی عەلی تاهردا تەواو کردووە و ئیتر ئەم ناوچەیە بە هەڕەشە بۆ سەر سوپای ئیسرائیل نازانرێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە "هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە و ژمارەیەکی زۆر چەکداریان لەناوبردووە و لەم ئۆپەراسیۆنەدا بڕێکی زۆر چەک و کۆمپیوتەرێک کەوتۆتە دەست سوپای ئیسرائیل."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها جەختی لەوە کردەوە هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەکە لە هێزەکانی حزبوڵڵا پاک دەکەنەوە.

پێشتر کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی عومانەوە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەمەریکا کرد لە ئەگەری هەر هێرشێکی تەواو و بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ سەر بەرزاییەکانی عەلی تاهر، تاران بە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە و بەربڵاو وەڵام دەداتەوە.