نهێنی پیاوێک کە بۆ ماوەی 1600 ساڵ لەناو گۆزەیەکدا شاردرابووەوە

شوێنەوارناسان لە شاری دێرینی دیۆلتۆم لە بولگاریا پاشماوەی ئێسک و پرووسکی گەنجێکیان لەناو گۆزەیەکی زەبەلاحی ڕۆمانیدا دۆزیوەتەوە، ئەمەش دۆزینەوەیەکی دەگمەنە کە دەتوانێت ڕۆشنایی بخاتە سەر گۆشەیەکی ژیانی خەڵک لە یەکێک لە قۆناغە پڕ لە شەڕ و کێشەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا.

شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەو کەسە لە کاتی هێرشی دوژمن لە ناو ئەو گۆزە گەورەیەدا خۆی شساردبێتەوە، بەڵام لە ئەنجامی ئاگرکەوتنە لە ناوچەکەدا گیانی لەدەست داوە. پێدەچێت رووداوەکە زیاتر لە 1600 ساڵ لەمەوبەر ڕوویدابێت.

شوێنەوارناسان لە 10ی مانگی هەشت ئەم گۆزە گەورەیەیان لە ناو قەڵایەکی ڕۆمانیی سەردەمی دواوە، لە قەڵایەک بچووک، لە کۆلۆنیای ڕۆمانی دێولتوم دۆزییەوە. هێشتا ڕوون نییە کام جەنگ بووەتە هۆی مردنی ئەو کەسە. بەڵام لە سەدەکانی چوارەم و پێنجەمی زایینیدا، دێولتوم چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی هۆزە ئەڵمانییە ڕۆژهەڵاتییەکان و هۆنەکان بووە، بەپێی وتەی لیودمیل ڤاگالینسکی، شوێنەوارناسی ئەکادیمیای زانستەکانی بولگاریا.

پاشماوەکانی ئەو کەسە لەگەڵ دوو چەقۆی ئاسنین و پشتێن لە ناو گۆزەکەدا دۆزراونەتەوە. ئەم جۆرە گۆزەیە بە ناوی دۆلیۆم (dolium) ناسراوە. دۆلیۆمەکان گەورەترین جۆری گۆزەی سەردەمی کۆن بوون و لە نزیکەی سەدەی هەشتەمی پ.ز. تا سەدەی پێنجەمی زایینی بەکاردەهێنران. زۆرجار بۆ هەڵگرتنی شتەکانی وەک ڕۆنی زەیتوون و مەی بەکاردەهێنران.

گەورەترین دۆلیۆمەکان دەتوانیان زیاتر لە 260 گالۆن (نزیکەی 1000 لیتر) شلە لەخۆ بگرن. بەڵام ئەو دۆلیۆمەی تازە دۆزراوەتەوە، تەنها بەشی خوارەوەی ماوەتەوە و نزیکەی یەک مەتر پان بووە.

هەرچەندە ڤاگالینسکی و هاوکارەکانی پێشتر خەریکی لێکۆڵینەوەی ئەو قەڵا بوون، کە دەکەوێتە باکووری دەروازەی ڕۆژئاوایی دێولتومە، بەڵام چاوەڕوان نەبوون کە لەوێ پاشماوەی مرۆڤ بدۆزنەوە.

ڤاگالینسکی ڕایگەیاندووە سەرسام بوون بەم دۆزینەوەیە و گوتی ئەوە زۆر دەگمەنە کە شوێنەوارناسان لە ناو شارەکانی سەردەمی کۆندا پاشماوەی مرۆڤ بدۆزنەوە، مەگەر لە بارودۆخی «نائاسایی» وەک بوومەلەرزە، هێرشی دوژمن یان تەقینەوەی گڕکانەکان.

تەنانەت لەم بارودۆخانەشدا، ئەوانەی بەجێ دەمانەوە زۆرجار بەدوای مردووەکانیاندا دەگەڕان بۆ ئەوەی لە دەرەوەی دیوارەکانی شار بیاننێژن. بەڵام زۆرجار ئاگادار نەبوون کە لە ژێر خۆڵ و پاشماوەکانی بیناکاندا جەستەی مردوو هەیە.

دۆزینەوە تازەکە بە گومانەوە یەکێکە لەو بارودۆخە نائاساییانە. تیمەکە بڕێکی زۆر ماددەی سووتاو لە دەوروبەری دۆلیۆمەکەدا دۆزییەوە؛ لەوانەش خۆڵەمێش و پاشماوەی دارسووتاو، خشتی شکێنراو، کاشی و پارچەکانی کووزە، دیوارە ڕەشبووەکان، پارچە شووشەی تووێنراو و ئێسکی ئاژەڵی ماڵی.

ئەو سیناریۆیەی زۆرترین گومان لەسەرە ئەوەیە کە کاتێک دانیشتووانی شار هەستیان بە هێرشێکی نزیک کردووە، ئاژەڵەکانیان هێناوەتە ناو قەڵاکە. شوێنەوارناسان هەروەها ژمارەیەکی زۆر دراهمی برۆنزیان دۆزییەوە کە بە گومانەوە لە کاتی ئاژاوە و پەرێشانییەکەدا لە دەست مرۆڤەکان کەوتوون.

ئەو کەسە، کە بە گومانەوە گەنجێکی پیاو بووە، بەشێک بووە لەو ئاژاوەیە و چووەتە ناو دۆلیۆمەکە بۆ ئەوەی خۆی بشارێتەوە یان پەنای تێدا بگرێت.

بەپێی وتەی ڤاگالینسکی، بوونی خۆڵەمێش لە ژێرئێسکەکاندا نیشان دەدات کە ئەو کەسە دوای دەستپێکردنی ئاگر چووەتە ناو گۆزەکە.

گومان دەکرێت ئەو گەنجە لە ناو دۆلیۆمە بەتاڵەکەدا خۆی شاردبێتەوە بۆ پاراستن لە ئاگری بڵاوبووەوە. هەروەها چەقۆیەکی ئاسنین لەنێوان قاچەکانی دانابوو، بۆ ئەوەی ئەگەر هێرشبەرەکان دۆزییانەوە بتوانێت خۆی بپارێزێت. چەقۆیەکی دیکەشی لە پشتێنەکەیدا بوو.

ڤاگالینسکی وتی لە هەر حاڵەتێکدا، هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ دەرچوون لە ناو گۆزە سیرامیکییەکە.

تیمەکە ئەمەیان لەسەر بنەمای شێوەی دانانی جەستەکە دیاریکردووە؛ شێوەکە وەک کەسێک بووە کە خەوتبێت.

دوای هێرشەکە، دانیشتووانی شار پاشماوەکانی قەڵاکەیان ڕێکخستووە و لەسەریان نهۆمی نوێ و بەرزتریان دروست کردووە. ئەوان نەیانزانیوە کە هاووڵاتییەکیان لە بناغەی دۆلیۆمەکەدا ماوەتەوە.

ئەو ئێسکانە کە ئێستا بۆ سۆفیا، پایتەختی بولگاریا، گوازراوەتەوە و لەلایەن شارەزایەکی ئەنترۆپۆلۆژیای جەستەیی شیکاری دەکرێت.

هاوینی ساڵی داهاتوو، تیمەکە دەگەڕێتەوە بۆ دێولتوم بۆ ئەوەی هەموو دەروازە ڕۆژئاواییەکەی دوا سەردەمی ڕۆمانی بدۆزێتەوە. ئەم دەروازەیە بە گومانەوە لە نزیکەی ساڵی 300ی زایینی دروستکراوە.

توێژەرەکان هەروەها دەیانەوێت لێکۆڵینەوەکانیان لە قەڵای باکووری دەروازەکە تەواو بکەن؛ ئەو شوێنەی دۆلیۆمەکەیان تێدا دۆزیوەتەوە.

لە سەرەتای ئەم ساڵیشدا، تیمەکە لاترینا (latrina) ـیەکی کۆنیان دۆزییەوە، کە وشەیەکی لاتینییە بۆ (توالێت). ئەم شوێنە بۆ سەدەکانی دووەم و سێیەمی زایینی دەگەڕێتەوە و لە نزیک دەروازەکە دۆزراوەتەوە.