میدیاکانی کۆریای باشوور بڵاویانکردووەتەوە حکومەتی ئەو وڵاتە ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی هێز و کەرەستەی سەربازی بۆ تەنگەی هورمز بۆ یارمەتیدانی دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچووی کەشتیوانی. ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە سەرۆک ترامپ بە توندی ڕەخنەی لە کۆریای باشوور گرت کە ڕەتیکردبووە هاوکاری ئەمەریکا بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی.
ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوە حکومی و سەربازییەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کۆریای باشوور بەنیازە ئەگەر بڕیارەکە یەکلایی بکرێتەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ هێزی سەربازی ڕەوانەی ناوچەکە بکات.
بە گوێرەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرز، حکومەتی کوریای باشوور لە ئێستادا خەریکە هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی پەرلەمان و ڕەنگە لەم مانگەدا پلانی ناردنی هێز لە پەرلەمان پێشکەش بکات.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی کۆریای باشوور، ئەو بژاردانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن بریتین لە ناردنی فڕۆکەیەکی دەوریەی دەریایی، کەشتییەکی جەنگی لۆجستیکی یان یەکەیەکی مین دۆزەرەوە و پاککردنەوەی مین. هەروەها کۆریای باشوور شێوە و جۆری هاوبەشی ئەگەری خۆی لەگەڵ ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا تاوتوێی کردووە.
بەڵام نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ڕایگەیاند گفتوگۆیان لەسەر ڕێگای کردەیی کردووە بۆ یارمەتیدان لە دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز، بەڵام ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە حکومەتی کۆریای باشوور بڕیاری کۆتایی بۆ ناردنی هێزەکانی داوە، ڕاست نییە.