فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ستیڤن فەیگێن، بەرپرسی نوێی کاروباری ئەمەریکا لە بەغدا کۆ بوویەوە بۆ گفتوگۆ کردن سەبارەت بە گەمارۆ ئابوورییە نوێکانی واشنتن دژی کۆماری ئیسلامی و دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی بۆ سەر عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە،3ی مانگی نۆ لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆیان بووە.
بە گوێرەی پەیامەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق، هەردوولا هەروەها پێداچوونەوەیان بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و پرۆسەی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت و هەوڵەکانی حکومەت بۆ قۆرخکردنی چەک کردووە. هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە سەفەرەکانی داهاتووی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەرەوە و هەوڵەکانی بەغدا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرا.