فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 1ی مانگی نۆ شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی ئەمەریکا پێگەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر بریتی بوون لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ڕادار، کەرەستە و دامەزراوە دەریاییەکان، سیستەمی دانانی مین و ناوەندی پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران.
سێنتکۆم ڕایگەیاندووە ئەم هێرشانە لە وەڵامی چالاکییەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هەروەها هێرشکردنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار هێزی سەربازی ئەمەریکا لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون و ئەرکەکانیان ئەنجام دەدەن.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە ئەم هێزانە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و ئامادەن بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان هەر کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا فەرمان بکات.
فەرماندەییەکە لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا وریا و ئامادە بە کەرەستەی سەربازی پێویست لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتر ئەگەر پێویست بکات.