ترامپ: ئێران جەنگی دۆڕاندووە چەکی ئەتۆمی دژی دۆڕاو بەکار نایەت

دۆناڵد ترامپ

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانێکدا کە ئایا چەکی ئەتۆمی دژی ئێران بەکار دێنێت گوتی، ئێران جەنگی دۆڕاندووە و پێویستی بە بەکارهێنانی ئەتۆمی نییە.

سەرۆک ترامپ لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی دەرمان لە ئەمەریکا لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو بوارە سازکرابوو، لە درێژەی وەڵامەکەیدا گوتی ''ئایا بۆچی دەبێت ئەتۆم لە دژی وڵاتێک بەکار بهێنێت کە جەنگی دۆڕاندووە؟ ئەمە پرسیارێکی گەمژانەیە.''

ترامپ دووبارە باسی ئێرانی وەکو وڵاتێکی شکستخواردوو کرد کە هێزی دەریایی و ئاسمانییەکەی لەناو چووە و دراوەکەی قیمەتی نەماوە. بەڵام هێشتا ئەگەری لێدانی زیاتر لە ئارادایە.

سەبارەت بە گەرووی هورمز گوتی هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکادایە و بارودۆخی ئەو ناوچەیە باشە. لە ئێستادا ڕێژەی هاتن و چوونی کەشتییەکان لە شەواندا بۆ 30 کەشتی بەرز بووەتەوە.

لە کۆتاییی قسەکانیشیدا ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەموو ئەم کارانە بۆ ئەوەیە کە ئێران هەرگیز دەستی نەگاتە ئەتۆم.