میسر: بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئێران دەتوانێت مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچەکە فراوانتر بکات

وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕۆژی دووشەممە 31ی مانگی هەشت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئوردن و ئیمارات دەتوانێت مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکان فراوانتر بکات و دەرفەتەکانی گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە تێکبدات.

لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی میسر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر ئوردن و ئیماراتی سەرکۆنە کردووە و هۆشداریی داوە لە دەرئەنجامەکانی بەردەوامی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دا.

قاهیرە لە بەیاننامەکەدا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی تەواو لەگەڵ ئوردن و ئیمارات، جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و پاراستنی ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیان کردووەتەوە.

هەروەها میسر داوای کۆتایی هێنان بە هێرشەکان و کەمکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکان و گەڕانەوەی لایەنەکان بۆ سەر مێزی دانوستان دەکات، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دەرفەتی پێویست بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکرێت بۆ چارەسەرێک بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.