وەزیری بەرگری سعودیە گەیشتە تورکیا

وەزیری بەرگری سعوودیە ڕۆژی دووشەممە 31ی مانگی هەشت گەیشتە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی ستراتیژی سیاسی و بەرگریی پەیمانی مەککە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا خالید بن سەلمان سەرۆکایەتی شاندی سعودیە بکات.

ئاژانسە فەرمییەکانی سعودیە ڕایانگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی بەرگری، کاروباری دەرەوە، فەرماندە باڵاکانی سەربازی، سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتانی ئەندامی پەیمانی مەککە ئامادە دەبن.

پەیمانی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لە 7ی مانگی هەشت واژۆ کرا، سێ هاوپەیمانی سوننەی ئەمەریکای کۆکردووەتەوە کە نیگەرانن لە شەڕی کۆماری ئیسلامی و ململانێکان لە ناوچەکەدا.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی بەرگری و ستراتیژی پەیمانەکە دەستپێبکات کە تورکیا میوانداری دەکات.

پێشتر ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی تورکیاوە ڕایگەیاندبوو سێ پرسی سەرەکی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و بەهێزکردنی هاوکاری بەرگری، لەوانەش بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی پیشەسازییە سەربازییە هاوبەشەکان، لە سەرووی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبن.