لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ فۆکس نیوز دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا گوتی ئەگەر ئێران دەستی بگەیشتایە چەکی ئەتۆمی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان وێران دەکرد و بە دڵنیاییەوە ئیسرائیلی لەسەر نەخشە دەسڕییەوە.
ترامپ گوتی ''ئێران سپۆنسەری سەرەکیی تیرۆرە لە جیهاندا و نابێت چەکی ئەتۆمیان هەبێت.''
سەبارەت بە گەمارۆی ئابووری گوتی هەموو شتێک بە باشی بەڕێوە دەچێت و گەمارۆیەکی ناوازەیە. ئابووریی ئێران هەرەسی هێناوە و ئێران بووە بە نەتەوەیەکی شکستخواردوو.
هەروەها ئەوەشی دووپاتکردەوە کە تەواوی هێزە سەربازییەکانی ئێران و سەرکردە سەرەکییەکانی لەناو بردووە.
ترامپ گوتیشی ''دەسەڵاتدارانی ئێران کەللەڕەق و زیرەکن بەڵام خەڵکانێکی زۆر خراپن. لە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگێک لەمەوپێش پەنجا و دوو هەزار هاووڵاتیی خۆیان کوشت.''
هەروەها گوتی کاتێک بینیویەتی کە ئێرانییەکان تەقە بە ڕاست و چەپدا دەکەن و لە وڵاتە بێلایەنەکانیش دەدەن، سەرسام بووە. بەڵام لە هەمانکاتدا پێشی خۆش بووە چونکە بەم جۆرە دۆستەکانیشیان لە کەنداودا لە دەست دا.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی ئەگەر بەو چەکانەی هەیانە لە هەموو کەسیان دا، بە دڵنیاییەوە ئەگەر چەکی ئەتۆمیشیان هەبووایە دەیانوەشاند. بۆیە هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت.