نەتانیاهۆ: یەکێتی ئەورووپا لە بەرامبەر داگیرکردنی قوبرس لەلایەن تورکیاوە بێدەنگە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تورکیای بە داگیرکردنی نیوەی قوبرس تۆمەتبار کرد و لە پەیامێکدا لە سەر پلاتفۆرمی ئێکس، ڕەخنەی لە بێدەنگی یەکێتی ئەورووپا لەسەر ئەم پرسە گرت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامەکەیدا کە لەسەر نووسینێکی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیا بڵاویکردووەتەوە، ستایشی جانیز جانشا، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیای کردووە کە ڕەخنەی لە یەکێتی ئەورووپا گرتووە و جەختی لەسەر سەربەخۆیی وڵاتەکەی کردووەتەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا.

نەتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە یەکێتی ئەورووپا بێدەنگ بووە بەرامبەر بە "داگیرکردنی نایاسایی نیوەی قوبرس لە لایەن تورکیا"وە، بەڵام کاردانەوەی جیاوازی هەبووە بەرامبەر بە هەوڵی جووەکان بو بنیاتنانی ژیانیان لەسەر خاکە مێژووییەکەی خۆیان."

نەتانیاهۆ سوپاسی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤینیای کردووە بۆ ئەوەی "ئازایانە و بە ڕوونی بەرامبەر دووڕوویی یەکێتی ئەورووپا" وەستاوەتەوە و وتی سلۆڤینیا وڵاتێکی سەربەخۆ و ئەندامێکی یەکسانە لە یەکێتی ئەورووپا و مافی خۆیەتی بڕیاڕەکانی سەربەخۆیانە بێت.