ئەمەریکا هەوڵدەدات لە کۆبوونەوەی گروپی 20دا فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران چڕتر بکاتەوە

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی جی 20 لە کارۆلینای باکوور، هەوڵدەدات پشتیوانی وڵاتانی ئەندامی ئەو گرووپە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستبهێنێت.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەسێنت بڕیارە پرسی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران بخاتە ناوەندی ڕاوێژکارییە ئابوورییەکانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە بەڕێوەدەچێت، هەروەها بڕیارە داوا لە وڵاتانی جی 20 بکات پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ تاران کەمبکەنەوە.

ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە شەڕی ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز گوشاری خستووەتە سەر ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی جی 20 و نرخی وزە و کەلوپەلی سەرەتایی بەرزکردووەتەوە.

بەسێنت پێشتر هۆشداری دابووە ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە کڕینی نەوتی ئێران یان ئاسانکاری بۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵ تاران دەکەن کە ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا ببنەوە. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕۆژی هەینی سزای بەسەر بانکێکی میسریدا سەپاند بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران لە ڕێگەی لقەکانی لە ئیمارات.

ئامانجی واشنتن لەم هەڵمەتەدا، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و بڕینی ئەو ڕێگایانەیە کە ڕێگە بە تاران دەدات درێژە بە چالاکییە ئابوورییەکانی بدات.

جگە لە پرسی ئێران، کەمکردنەوەی ناهاوسەنگییە بازرگانییە جیهانییەکان و بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووریش تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی گرووپی 20 دەبێت. بەڕێوبەرایەتی ترامپ پێی وایە سیاسەتە ئابوورییەکانی هەندێک لە وڵاتان بووەتە ڕێگر لە کێبڕکێی دادپەروەرانە لە بازرگانی جیهانیدا.

گروپی 20 (G20) گروپێکە کە لە 19 وڵات و یەکێتی ئەوروپا و یەکێتی ئەفریقا پێکهاتووە . ئەم گرووپە ئابوورییە گەورەکانی جیهان کۆدەکاتەوە و تێیدا بڕیار و ڕاوێژکاری لەسەر پرسە گرنگەکانی ئابووری جیهانی، بازرگانی، وزە و سەقامگیری دارایی دەدرێت.