وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ڕژێمی ئێران مێژوویەکی لە هەڕەشە و ڕفاندن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان هەیە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە وەڵامی هەڕەشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دژی میدیاکانی فارسی‌ دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بە مێژووی تاران لە هەڕەشەکردن، ڕفاندن و هەوڵدان بۆ کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بە ڕادیۆ ئەوروپای ئازادی وتووە، واشنتن ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەیە کە دەڵێن ئەو میدیایانە خراونەتە ناو لیستی "ئامانجە سەربازییەکانی" کۆماری ئیسلامی.

بە گوێرەی ئەو رادیۆیەیە، گوتەبێژەکە گوتوویەتی، حکومەتی ئێران بەردەوام ڕۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە سەرانسەری جیهان تەنها بەهۆی بەکارهێنانی ئازادییەکانیانەوە ئازار داون و هەوڵی ڕفاندن و کوشتنیانی داوە. ئەم ڕەفتارەی بە کردارێکی «کۆن و قێزەون» وەسف کرد.

پێشتر ئەبولفەزل شیکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، هەندێک میدیای بە پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان تۆمەتبار کرد و گوتی کارمەندانیان دەکرێت بخرێنە «بانکی ئامانجە سەربازییەکانی» ئێران. شیکارچی هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو تۆمەتانە نەخستەڕوو.