گۆڵدمان ساکس، دامەزراوەیێکی گەورەی ئەمەریکایی خزمەتگوزاری دارایی و بانکداری، دەڵێت گواستنەوەی نەوت بە تەنگەی هورمزدا گەیشتووەتە نزیکەی دوو لەسەر سێی ئاستی پێش شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی هەڵسەنگاندنی شیکەرەوەکانی گۆڵدمان ساکس، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی حەوت تا هەشت ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەی هورمزدا دەگوازرێتەوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی هێڵە بۆڕییە جێگرەوەکان، لەوانە هەناردەکردنی نەوتی عەرەبستانی سعودی لە ڕێگەی دەریای سوور و هەناردەی نەوتی ئیمارات لە ڕێگەی دەریای عومان، کۆی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ناوچەکە گەیشتووەتە 15 تا 16 ملیۆن بەرمیل.
پێش دروستبوونی کێشە لە تەنگەی هورمز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێدەپەڕی. نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لەو بڕە پەیوەندی بە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی خودی ئێرانەوە هەبوو.
لە کاتێکدا هەناردەی نەوتی ئێران دوای دەستپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکا گەیشتووەتە سفر، وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بە هاوکاری هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە خێرایی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتیان دان.
پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو کە گواستنەوەی نەوت بە تەنگەی هورمزدا گەیشتووەتە هەشت تا 10ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. بەڵام هەندێک لە کۆمپانیاکانی چاودێریکردنی کەشتییە نەوتبەرەکان ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕن بە کەمتر هەڵسەنگاندووە.
شیکەرەوەکانی گۆڵدمان ساکس دەڵێن، کوژاندنەوەی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکان و گواستنەوەی نهێنی بارە نەوتییەکان لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییە نەوتبەرەکانی قورس کردووە.
بەڵام بەپێی شیکردنەوەکە، زیادبوونی بڕی نەوتی گوازراوە لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. ئەمەش کاریگەری هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ فشارخستنە سەر بازاڕی جیهانی نەوت لە ڕێگەی تێکدانی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە.
لە ئێستادا نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 88 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا لە لووتکەی تێکچوونی هاتووچۆی تەنگەی هورمز، نرخەکە تا نزیکەی 120 دۆلار بەرزبووەوە.
لە هەمان کاتدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی هەینی دانی بەوەدا نا کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوەی هێڵی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمەریکا وەستاوە.
پێشتر سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانیش ئاماژەی بە وەستانی هەناردەکان کردبوو؛ ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیاکانی چاودێریکردنی کەشتییە نەوتبەرەکانیش ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە.