سوپای ئیسرائیل دەڵێت دوو فەرماندەی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە هێرشەکاندا کوژراون

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی 28ی مانگی هەشت لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند ئیبراهیم نەبیل ئیبراهیم باس، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس و حەمدی ئەحمەد حەمید خەلیل، فەرماندەی یەکینەیەکی چاودێریی جیهادی ئیسلامی فەلەستین لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئیبراهیم باس بە دزەکردن بۆ ناو ئیسرائیل، بەشداریی لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کردووە.

ئەو سوپایە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ئەو دوو ئەندامەی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان سەرەڕای ئاگربەست، بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسرائیل و هێزەکانی ئیسڕائیل و هەوڵی بنیاتنانەوەی توانای سەربازی ئەو گرووپانەیان داوە.

باسی لەوەش کردووە ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل بە ئامانجی نەهێشتنی ئەو "مەترسە"یە ئەنجام دراون کە بەهۆی چالاکییەکانی ئەو کەسانەوە دروست بووە.