سەرۆکی پێشووی موساد: بەردەوامی دان بە هێرشی سەربازی و گوشاری ئابووری ئێران دەڕووخێنێت

دەیوید بارنیا، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل «موساد»، دەڵێت کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا بە هۆی تێکەڵەیەک لە فشارە ئابوورییەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان دژ بە حکومەت، و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دەڕووخێت، و سزاکان بە تەنیا بۆ گەیشتن بە ئەم ئامانجە بەس نین.

بارنیا کە لە مانگی شەش دەسبەرداری پۆستەکەی وەکوو سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ئیسرائیل بوو، ڕۆژی پێنجشەممە لە یەکەم وتاری گشتی خۆیدا دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی، پشتگیری لە توندکردنی فشارە ئابوورییەکانی سەرۆک دوناڵد ترامپ دژ بە کۆماری ئیسلامی کرد.

ئەو لە ڕێوڕەسمێک لە شارەوانی ئۆرشەلیم، کە تێیدا خەڵاتێکی بە ناوی مۆساد وەرگرت، وتی جێبەجێکردنی سزای توند لەسەر کۆماری ئیسلامی «بڕیارێکی دروست و شایستەیە»، بەڵام گوتی کە سزاکان تەنها قۆناغێکن لە پرۆسەی فشارخستنە سەر حکومەتی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی «جێرۆزالێم پۆست»، بارنیا وتی: “بە بۆچوونی من هیچ چارەیەک نییە جگە لە توندترکردنی هەنگاوە ئابوورییەکان، سیاسەتەکان و ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە ڕژێمەکە تا کاتی ڕووخانی؛ و ئەو رژێمە دەڕووخێت.”

سەرۆکی پێشووی موساد ڕوونی نەکردەوە کە مەبەستی لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی، دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە هێرشە فراوانە سەربازییەکانە یان نا، یان ئەوەی کردارە سنووردارترەکان، لەوانە ئۆپەراسیۆنی نهێنی و کارە خرابکارییەکان، دەتوانن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەس بن.

بەپێی وتەی بارنێا، سەرۆک ترامپ و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی جیهانی ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک لە سروشتی چەندڕەهەندی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی تێگەییشتوون. ئەو بەرنامەی ناوەکی، مووشەکی بالیستیکی، و بەکارهێنانی گرووپە وەکالەتییەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە وەک ڕەهەندەکانی ئەم هەڕەشەیە ناو برد.

بارنیا بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی وتی پێش ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ئیسرائیل ئەو باوەڕە هەبوو کە ڕژێمی ئێران کێشەیەکە بۆ ئیسرائیل، بەڵام ئێستا “هەموو جیهان بە ئاشکرا دەزانێت کە پرسی ئێران تەنها کێشەی ئێمە نییە.”