ڕووسیا شەوی پێنجشەممە هێرشێکی بەرفراوانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر ژمارەیەک شار و ناوچەی ئۆکراینا و بەپێی بەرپرسانی ئۆکرانیا، لانیکەم چوار کەس لە چوار هەرێمی جیاواز کوژران.
لە خارکیڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکراین، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ناوەندێکی بازرگانی کردە ئامانج. ئیهۆر تێرێخۆڤ، سەرۆکی شارەوانی شارەکە و ئۆلێه سینیهوبۆڤ، بەرپرسی کارگێڕی هەرێمەکە، ڕایانگەیاند لە هێرشەکەدا پیاوێکی 40 ساڵان کوژرا و چوار کەسی دیکە بریندار بوون. هەروەها ژنێکی 78 ساڵان لە ناوچەی زاپۆریژیا کوژرا و لە خێرسۆن و سوومییش کوژراو هەبووە.
هێزی ئاسمانی ئۆکراین دەڵێت، بەرگرییە ئاسمانییەکانی حەوت مووشەکی بالیستیک، مووشەکێکی کروز دژە کەشتی و نزیکەی 90 لە سەدی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیایان خستووەتە خوارەوە.
شاری بەندەری ئۆدێسا بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت کاتژمێر لەژێر هێرشدا بوو. بەرپرسان دەڵێن باڵەخانەیەکی 16 نهۆمی نیشتەجێبوون، دوو دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆگایەکی دانەوێڵە زیانیان پێگەیشتووە و سێ پیاویش بریندار بوون. کۆمپانیای ئاسنەڕێی دەوڵەتی ئۆکراین ڕایگەیاند، هەندێک گەشتی شەمەندەفەر زیاتر لە 17 کاتژمێر دوا کەوتوون. ئۆدێسا یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین.
لە کییڤ، ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی، وتی پارچەکانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیانیان بە قوتابخانەیەک گەیاندووە و پەنجەرەکانی ناوەندێکی تەندروستییان شکاندووە. لە دەوروبەری پایتەختیش دوو کەس، لەوانە گەنجێکی 15 ساڵان، بریندار بوون.
لە ناوچەی پۆلتاڤای ناوەڕاستی ئۆکراین، هێرشەکان دامەزراوە پیشەسازی و وزەییەکانیان کردە ئامانج و بوونە هۆی بڕانی کارەبا لە حەوت شوێنی نیشتەجێبوون. لە کریڤی ریه سێ کەس و لە شاری زاپۆریژیاش سێ کەسی دیکە بریندار بوون.
هێرشە تازەکان تەنها چەند ڕۆژ دوای ئەوە ڕوویاندا کە جۆن ڕەتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریکا، سی ئەی ئای ئەی، سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگریی ڕووسیا گفتوگۆی کرد. سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، سێشەممە لە کۆمێنتێک لەسەر ئەو سەردانە وتی ئەمەریکا «بە زۆر جدی کار دەکات» بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا. دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی کۆمێنت لەسەر هێرشە تازەکان پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لەلای خۆیەوە وتی هێرشێکی «بەرفراوانی» لە دژی ئامانجە پەیوەستەکان بە سوپا لە نۆ شاری ئۆکراین ئەنجام داوە. بەپێی مۆسکۆ، ئامانجەکان کارگەکانی پۆڵا، پاڵاوگەی نەوت، ناوەندەکانی لۆجستی و سێ بەندەریان لەخۆگرتووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراین، وتی هێرشەکە تێکەڵەیەک بووە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیک. ئەو وتی ڕووسیا بەردەوامە لە وەبەرهێنان لە مووشەک و فراوانکردنی جەنگ، بۆیە پێویستی بە هەنگاوی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەیە.
زێلێنسکی پێشوازی لە بەڵێنەکانی ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی ئۆکراینا کرد و داوای سیستەمی زیاتر بۆ بەرگری لە مووشەکە بالیستیکەکان کرد.
زێلێنسکی بڕیار بوو پێنجشەممە بۆ بەشداری لە ڕۆژی سەربەخۆیی مۆڵدۆڤا سەردانی ئەو وڵاتە بکات. وەزارەتی بەرگریی مۆڵدۆڤا وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ڕووسییەکان لە شەودا سنووری ئاسمانی ئەو وڵاتەیان پێشێل کردووە. مایا ساندو، سەرۆک کۆماری مۆڵدۆڤا، ئەو ڕووداوەی بە «هەوڵێک بۆ ترساندن» ناوبرد و مەحکوومی کرد.
لە هەمان کاتدا، ستافی گشتی سوپای ئۆکراین وتی هێزەکانی فەرمانگە سەربازییەکانی ڕووسیایان لە نزیک دۆنێتسک کردووەتە ئامانج. وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاش دەڵێت بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە 367 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینای خستووەتە خوارەوە. کۆمپانیای ئۆزۆن، دووەم گەورەترین فرۆشگای ئۆنلاینی ڕووسیا، ڕایگەیاند ناوەندێکی لۆجستیی کۆمپانیاکە لە شاری ئۆفا کراوەتە ئامانج.