ئەمەریکا بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و سوریا و تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە که واشنتن بەردەوامە له گفتوگۆکانی لەگەڵ ئیسرائیل و تورکیا و سوریا، جەختیشی لەوە کردەوە، گفتوگۆ و میانڕەوی باشترین ڕێگەیه بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە.

لە وەڵامی ڕۆژنامەی مەعاریڤدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دیدگای ڕوونی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئاوەدان و سوریایەکی سەقامگیر خستۆتەڕوو کە بە ئاشتی لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا بژی. ئێمە لە پەیوەندیدا دەمێنینەوە لەگەڵ ئیسرائیل و تورکیا و سوریادا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی: سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی گفتوگۆی بەرهەمدار کە تیشک دەخاتە سەر ڕێزگرتن لە سەروەری و سەقامگیری سوریا و پشتیوانیکردنی مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر هەڕەشە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی گەشەپێدان بۆ هەردوو وڵات.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی جروزالێم پۆست پەیوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی چەندین کەناڵی دیپلۆماسییەوە لە یەک کاتدا لەگەڵ ئورشەلیم، دیمەشق و ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەم دواییە لە سەرهەڵدانی شەڕێکی تەواو.