ئێران هەوڵی کوشتنی کوڕی نەتانیاهۆ دەدات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهو، دەڵێت ئێران هەوڵی داوە یەکێک لە کوڕەکانی بکوژێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کاتی ئەو پیلانە و کام لە کوڕەکانی ئامانج بووە نەخستەڕوو، هەروەها ئەوەی ئاشکرا نەکرد کە ئەو هەوڵە تا چەند نزیک بووە لە جێبەجێکردن.

نەتانیاهۆ ڕۆژی دووشەممە، 24ی هەشت، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنی لەگەڵ کەناڵی 14ی ئیسرائیلدا و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پاراستنی کاندیدە سیاسییەکان لە پێش هەڵبژاردنی گشتیی 27ی مانگی دە ئیسرائیل ئەم قسانەی کرد.

نەتانیاهو وتی: "سەبارەت بە کوڕەکانم، پێم وایە شتێکی باوەڕپێنەکراو هەیە. ئێران هەوڵی داوە یەکێک لە کوڕەکانم بکاتە ئامانج. ئێران هەوڵی دا یەکێک لە کوڕەکانم بکوژێت."

وتیشی. بۆیە دابینکردنی پاراستنی ئەمنی بۆ خێزانەکەی "شتێک نییە بۆ خۆسی بێت"، بەڵام هیچ بەڵگە یان زانیارییەکی زیاتری سەبارەت بەو تۆمەتە نەخستە ڕوو.

تا ئێستا دیار نییە نەتانیاهو ئاماژەی بە کام یەکێک لە کوڕەکانی کردووە. یائیر نەتانیاهو، کوڕە گەورەکەی، لە میامی ئەمەریکا دەژی.

ئەم تۆمەتە لە کاتێکدا دێت کە ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ئەمەریکا لە لایەکی ترەوە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە زیادیان کردووە. لە ماوەی جەنگەکەدا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران کوژراون.

وتەکانی نەتانیاهو هەروەها لە کاتێکدایە کە تەنها دوو مانگ بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیل ماوە و بابەتی پاراستنی پاڵێوراوەکان بۆتە جێی مشتوومڕ لەو وڵاتەدا.