بەریتانیا پێشوازی لە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کرد و ئابڵوقەی ئابووری لە دژی تاران زیادکرد

وەزارەتی دارایی بەریتانیا بڵاویکردەوە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وزیری نوێوە، حکومەتی بەریتانیا زیاتر لە 240 ئابڵوقەی سەپاندووە بەسەر ئێراندا.

بەیاننامەکەی وەزارەت هۆکاری ئەو ئابڵوقانەی دژی ئێران بەوە پاساودەداتەوە کە "کردەکانی ئەو وڵاتە هەڕەشەن بۆ سەر خەڵک و ئاسایشمان." هەروەها باس لەوەش دەکات کە "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و هاوبەشەکانی دیکەمان بۆ دانانی فشاری ئابووری لەسەر ئێران."

بەیاننامەکە باس ئاماژەی بەوەداوە کە حکومەتی بەریتانیا سورە لەسەر رێگرتن لە حکومەتی ئێران لەوەی ئابووریی جیهانیی بخاتە مەترسییەوە و "سیستەمی دارایی بەریتانیا خراپ بەکاربهێنێت بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ئەتۆمی خۆی."

بەیاننامەکە دەڵێت "ئێمە پشتیوانیی کارەکانی ئەمەریکا دەکەین بۆ زامنکردنی چارەسەرێکی دیپلۆماتی و پێشوازیی لە هەوڵەکانی زیادکردنی فشار دەکەین."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئێمە بەردەوامدەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان و هەنگاوی پێویستیش دەنێین بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێران." هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا داوا لە ئێران دەکات رابوەستێت لەو چالاکییانەی کە ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکە دەخەنەوە، و بە نیەتی باشەوە بێتە ناو گفتوگۆی دیپلۆماتیەوە.