بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دیداری مانگی حەوت لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا سێ بژاردەی بۆ کۆماری ئیسلامی لەبەرچاو گرتووە و گومانی خۆی لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دەربڕیوە.
نەتانیاهۆ لە ڕیوڕەسمێکدا لە ئۆرشەلیم کە ڤیدیۆکەی لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، وتی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک ترامپ قسەم کرد، سێ بژاردەم بۆ ئێران لەبەرچاو گرت.
نەتانیاهۆ وتی بە سەرۆک ترامپم وتووە گەیشتن بە "ڕێککەوتنێکی باش" لەگەڵ تاران زۆر دوورە و مومکین نییە.
وتی "پێم گوت بژاردەیەکی کۆن هەیە. ئەویش ڕێککەوتنە و بێگومان دەتوانیت ڕێککەوتنێک بکەیت. ڕێککەوتنێکی باش، ئێمە هیچ ناڕەزایەتییەکمان لەوە نییە. گومانم هەیە بتوانیت لەگەڵ ئەو باندە لەوێ، لەگەڵ ئەو دڕندانە ڕێککەوتن بکەیت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند بە سەرۆکی ئەمەریکای وتووە بژاردەی دووهەم هەیە کە "کردەوەی سەربازی"یە، وتی وڵاتەکەی ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات ئەگەر کۆماری ئیسلامی هێرش بکاتە سەری.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا کە بژاردەی سێیەمی پێشنیار کردووە کە ئەویش "توندکردنەوەی سزاکان"ی سەر کۆماری ئیسلامییە و وتی پێم وتووە تۆ بڕیار بدە.
نەتانیاهۆ وتی سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ئەو بڕیارەی "بە شتێکی زۆر زۆر زۆر بەهێز پشتڕاستکردەوە."
وتیشی ئەوەی دوێنێ سەرۆک ترامپ کردی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران بوو، نەک تەنها توندکردنەوەی سزا بێت بۆ خوودی سەر ئێران، بەڵکو بە توندکردنەوەی سزاکان بۆ سەر ئەو کەسانەی کە یارمەتی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییە ترسناکە دەدەن و ئەمەش زۆر گرنگە.