بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن قوربانیانی ئەنفال قەرەبوو بکرێنەوە

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پێگەی خۆیانەوە لە ئێکس بەجیا یادی تاوانەکانی قۆناغی هەشتەم و کۆتایی ئەنفالیان کردەوە و داوای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانیان کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە ئێکس نوسیویەتی "ئەنفال تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو و لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک تاوان جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندراوە."

لەبارەی بەرپرسیارکردنی ئەنجامدەرانیشەوە نوسیوویەتی "داواکاریمان لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دووپات دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کورستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نوسیوویەتی " لەم یادە خەمگینەدا، جارێکی دیکە دووپاتیدەکەیەنەوە، کە پێویستی حکومەتی فیدراڵی عێراق، قەرەبوووی گشت کەسوکاری قوربانیانی تاوانی جینۆساید و کیمیاباران و هەموو قوربانیانی دەستی رژێمی پێشوو بکاتەوە."

لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن ساڵی 2003، دادگاییکردنی تاوانەکانی رژێمەکە سازدران و زۆرێک لە بەرپرسانی رژێمەکە لەسەر تاوانەکانی ئەنفال دادگاییکران و سزادران.

ئەنفال هەڵمەتێکی سەربازیی رژێمی پێشووی عێراق بوو کە بە هەشت قۆناغ لە کۆتاییەکانی ساڵی 1987 وە دەستیپێکرد و بووە مایەی کوژران و بێسەرووشوێنکردنی دەیان هەزار هاوڵاتی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەتایبەتی گوندنشینەکان. قۆناغی هەشتەم و کۆتایی هەڵمەتەکە لە بادینان لە 25ی هەشتی 1988 دەستیپێکرد و لە مانگی نۆی هەمان ساڵدا کۆتاییهات.