مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشوازیکرد لە لابردنی سوریا لە لیستی پشتیوانکاریی تیرۆری لەلایەن ئەمەریکاوە.
عەبدی ئەمڕۆ لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی، ئەو بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی راستکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بواریش دەرەخسێنێت لەبەردەم "قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەکردن و کارکردن لەپێناو وڵاتەکەماندا."
لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە لابردنی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تیرۆر دەرکرد و پێشوازی لەو هەنگاوە کرد.
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە کە بۆ سوود وەرگرتن لەم بڕیارە پێویستە سوریا بەخێرایی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و لامەرکەزی هەنگاو بنێت و سەروەری یاسا مسۆگەر بکات.
هەروەها باس لەوەش دەکات کە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری سوریا لە دەستووردا بپارێزێت لەسەر بنەمای یەکسانی و هاوبەشیی نیشتمانی.