ئیسرائیل دەڵێت ماددەی هۆشبەری لە باری یارمەتییە مرۆییەکاندا لە غەززە دۆزیوەتەوە

کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند ماددەی هۆشبەر لە نێو یارمەتییە خۆراکییەکانی ڕێکخراوی مرۆیی چێشتخانەی ناوەندی جیهانی لە غەززە دۆزراوەتەوە.

بەگوێرەی بەشی هەماهەنگی کاروباری مەدەنی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی فەلەستین، کارمەندانی ئەو ڕێکخراوە لە کاتی ئامادەکردنی خواردن لەو چێشتخانەیەدا، مادەی نایاساییان لەناو پاکەتەکانی بیبەری قوتوودا دۆزیوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو ماددانەی دۆزراوانەتەوە بریتین لە شەش پاکەت حەشیش کە 600 گرام بووە و هەروەها 162 گرام مادەیەکی نایاسایی نەناسراوی تێدا بووە.

دەزگای سەربازی ئیسرائیل کە بەرپرسە لە هەماهەنگی کاروباری مەدەنی لە ناوچەکانی فەڵەستین، وێنەی ئەو ماددانەی کە دۆزراونەتەوە بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند کە بەشێک لە حەبەکان لۆگۆی "لێکسوس"یان لەسەرە؛ لۆگۆیەک کە دەزگاکە دەڵێت لەلایەن هەندێک گروپەوە بەکارهێنراوە کە کاپتاگۆنیان بەرهەم هێناوە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل حەماسیان لەو کارە بە بەرپرسیار زانیوە و ڕایانگەیاندووە بەکارهێنانی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر دەتوانێت ئۆپەراسیۆنی ناردنی یارمەتییە گرنگەکان بۆ خەڵکی غەززە بخاتە مەترسییەوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە مانگی یەکی ساڵی 2023 ڕایگەیاند هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هەوڵی گواستنەوەی هەزاران حەبی کاپتاگۆنیان لە کەناری ڕۆژئاواوە بۆ غەززە ڕاگرتووە کە لەناو دەرگای بەفرگرەکاندا شاردرابوونەوە.