موفتی پێشووی سوریا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا

دادگایەکی دیمەشقی پایتەختی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە سزای زیندانی هەتایی بەسەر ئەحمەد بەدرەدین حەسونی موفتی پێشووی ئەو وڵاتەدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان لە دژی مرۆڤایەتی لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەدا.

حەسون بە تۆمەتی هاندان بۆ توندوتیژی، پشتیوانیکردن لە کوشتن، و بەکارهێنانی دەستەڵاتەکەی بەمەبەستی هاندانی توندوتیژی دادگایی کرا.

هەروەها دادگاکە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو دەزگا ئاینییەی حەسون پێشتر سەرۆکایەتی کردووە پشتیوانیکردووە لە کاری توندوتیژی و ئۆپراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕژێمی ئەسەد و پاڵپشتیی ئایینی و مەعنەوی بۆ دابینکردووە. حەسون لەلای ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە "موفتی جەلاد" ناسراوە.

فەزڵ عەبدولغەنی سەرۆکی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ و توێژەر لە بواری یاسای نێودەوڵەتی بە دەنگی ئەمەریکای وت کە تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤی بەشداربووە لە کەیسەکە و بەڵگەی پەیوەستی بە تاوانەکانی حەسون پێشکەش بە دادگاکردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەموو بەرپرسێک لەو تاوانانە بەبێ گوێدانە پلە و پایەیان دادگاییبکرێن و ئەوەشی وت کە دادپەروەریی راستەقینە لەسەر بنەمای خستنەڕووی راستییەکان و بەرپرسیارکردنی تاکەکان و سەروەریی یاسا بەرقەراردەبێت.