ئاژانسە هەواڵییەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە ئیسرائیل و تورکیا بۆ پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوانیان، لە کەناڵێکی پەیوەندی نهێنییان دامەزراندووە.
کەناڵی کان لە ئیسرائیل بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی بەرگری ڕایگەیاندووە ئیسرائیل نایەوێت تورکیا بکاتە دوژمن، بەڵام ئەگەر پەیام و پەیوەندییە نەهێنییەکانی نێوانیان شکستی هێنا، ئەوا "ناچار دەبێت هەنگاو بنێت."
ئەم ڕاپۆرتە دوای ئەوە دێت کە حەوتەی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل بنکەی ئاسمانی ئەبوزوهوری سوریای لە نزیک سنووری تورکیا کردە ئامانج. ئیسرائیل وتی هێرشەکە بەهۆی "جێگرکردنی هێزە سەربازییەکانی تورکیاوە بووە لەو بنکەکەیەدا."
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە پێش هێرشەکە سوریا لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکراوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش وتی دامەزراندنی بنکەی تورکیا لە سوریا قبوڵ ناکەین.
ئیسرائیل جێگیرکردنی سەربازی تورکیا لە سوریا بە تایبەت جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کە دەتوانێت باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی کێشە بکاتەوە، بە "هێڵی سوور" ناو دەبات.
ئیسرائیل و تورکیا پەیوەندی دیپلۆماسییان پاراستووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2023ەوە پەیوەندییە سیاسییە باڵاکانی نێوان هەردوو وڵات ڕاگیراوە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی سوریا ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند ئیسرائیل تەنانەت دوای ئەوەی سوریا پەیامێکی ناردووە کە بنکەکە نابێتە بنکەیەکی تورکیا، هێرشی کردووەتە سەر ئەبوزوهور.
ئەسەد شەیبانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند ئەولەویەتی دیمەشق ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بووە و لەم ڕووەوە پێشبینی دەکەین بەم زووانە دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی دەست پێبکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگا خۆش بکات بۆ کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سوریا.
ئەمەریکا زیاتر لە ساڵێکە هەوڵی دامەزراندنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان ئیسرائیل و حکومەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، هاوپەیمانی نوێی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
بەڵام تا ئێستا ئەم هەوڵانە شکستیان هێناوە، چونکە ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هەڕەشە ئەمنییەکان چووەتە ناو خاکی سوریا و پێگە سەربازییەکانی لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
شەیبانی ئاماژەی بەوەشکرد لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی، دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی ڕاگیراون، بەڵام پێشبینی دەکەین بەم نزیکانە دەست پێبکاتەوە.
بە وتەی ناوبراو دوای هێرشی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبوزەهور، پەیوەندی نێوان سوریا و ئیسرائیلیش پچڕاوە.